ڕۆژی سێشەمە 6ی سەرماوەزی 1397 بەرانبەر بە 27ی تشرینی دووهەمی 2018 دوکتور قوتبەدین سادقی شانۆکاری ناسراو و بەرجەستەی کورد لە شاری سەقز بەشداریی ڕێوڕەسمی پەردەلادان لە پۆستەری پانزدەهەمین فستیڤاڵی شانۆی کوردیی کرد.
مامۆستا قوتبەی سادقی وەکوو بڕیاردەری ئەو فستیڤاڵە بەیاوەریی بەرپرسانی شاری سەقز و پارێزگای کوردستان و هەروەها چالاکانی فەرهەنگی و لایەنگرانی فەرهەنگ و هونەر بەشداریی ئەو ڕێوڕەسمەی کرد و ڕایگەیاند: شانۆی کوردی سیمبۆڵی کەلتووری کوردە و لەم خولەی فستیڤاڵەکەدا بە ڕکابەریی تاکەکەسی هەوڵی دەدەین هونەری ڕەسەن بخەینە ڕوو.
بڕیاردەری فستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی کوردی وتیشی ئەو فستیڤاڵە لە ڕۆژژمێری ساڵانەی وەزارەتی ڕۆشنبیریدا تۆمار کراوە و لەم خولەی فستیڤاڵەکەشدا 52 دەرهێنەر بریتی لە 38 شانۆی نێوخۆی وڵات و 14 شانۆی دەرەوەری وڵات گەشتۆتە ناوەندی بڕیاردان و بڕیاری کۆتایییان لەسەر دەدرێت.
پانزدەهەمین خولی فستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی کوردیی سەقز لە ڕۆژی 7 بۆ 11ی سەرماوەزی ئەمساڵ بە ئامادەبوونی 9 تیمی نێوخۆیی و 4 تیمی دەرەوەی وڵات لە سەقز بەڕێوە دەچێت و لە کۆتاییی فستیڤاڵەکەدا دوو بەرهەمی براوە بۆ بەشداری کردن لە فستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فەجر دەپاڵێورێت.
Your Comment