بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ سێشەممە 250-01-2022 دادگەی باڵای فیدڕاڵیی عێراق بڕیاریدا کە دانیشتنی یەکەمی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق کە سەرۆکی پەرلەمان و هەردوو جێگرەکەی تێیدا هەڵبژێردران؛ بە دەستووری و یاسایی لە قەڵەمبدا.
مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی ئەو بڕیارەوە رایگەیاند: "ئەو بڕیارە دەبێتە هۆی خێراتربوونی هەنگاوە دەستوورییەكان و یارمەتیدەری پرۆسەی سیاسیی عێراق دەبێت بۆ ئەوەی لەسەر رێڕەوی سرووشتی و دروستی خۆی بڕوات."
لە دانیشتنەکەدا دادوەر جاسم محەممەد عەبوود، سەرۆکی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رایگەیاند: "دادگەی باڵای فیدراڵی بڕیاریدا هەردوو تانەکەی باسم خەزعەل خەشان و مەحموود داود سەلمان کە لە دانیشتنی یەکەمی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراقیان داوە، سەبارەت بەوەی گوایە دانیشتنەکە بەپێی دەستووری عێراق بەڕێوەنەچووە، رەتبکاتەوە."
سەرۆکی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق راشیگەیاند: دادگەی باڵای فیدراڵی هەروەها بڕیاری پێشووی خۆی سەبارەت بە وەستاندنی کارەکانی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق هەڵوەشاندەوە.
سەرچاوە: تۆڕی میدیایی ڕووداو
Your Comment