پێویست بوو یەکێتی لەبارەی بابەتی سەرۆک کۆمار وردتر و نیشتیمانیتر هەڵسوکەوتی کردبا

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان وەڵامی راگەیەنراوەکەی دوێنێی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانی دایەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەحموود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوە کردووە، راگەیەنراوەکەی دوێنێی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی ڕەوشی سیاسیی و پرسی سەرۆک کۆمار "هەندێ بەلاڕێدابردن و بێ ئینسافی تێدا بووە، چونکە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری ڕابردووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەسەر ڕاسپاردەی جەنابی سەرۆک بارزانی شاندێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی بە مەبەستی گەڵاڵەکردنی هەڵوێستێکی هاوبەش و یەکخستنی ناوماڵی کوردی و دروست کردنی شاندێکی هاوبەش بۆ بەغدا و لەپێناو چەسپاندنی داوا ڕەواکانی گەلی کوردستان، سەردانی هەموو لایەنە کوردستانییەکانی کرد".

ئەوەش هاتووە، "ئێمە مەبەستمان بو شاندێکی هاوبەشی هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان پێکبهێندرێت بەڵام بەداخەوە ئەوە سەری نەگرت و لەپێناو بەدیهاتنی یەکڕیزی لەسەر پێکهاتنی شاندێکی هاوبەشی نێوان پارتی و یەکێتی ڕێککەوتین بۆ ئەوەی لێکتێگەیشتنە سەرەتاییەکان بگەنە قۆناغی ڕێککەوتنی سیاسی. بۆیەش شاندی هاوبەشی پارتی و یەکێتی بە سەرۆکایەتیی عیماد ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی سەردانی بەغدایان کرد و زنجیرەیەک کۆبونەوەیان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکانی ناو پڕۆسەی سیاسی ئەنجام دا. بەڵام بە داخەوە بۆمان ڕون بوەوە کە نوێنەرانی یەکێتیی بەشدار لە شاندە هاوبەشەکە ڕوانگەیەکی ڕونیان نییە و توانای بڕیاردانیشیان لەمەڕ پرسەکان نەبوو. جگە لەوەش بە بێ ئاگادارکردنەوەی پارتی لە شاندە هاوبەشەکە کشانەوە."

لەبارەی دانیشنی پەرلەمانی عێراقیش وتەبێژی پارتی باسی لەوە کردوە، "لەدانیشتنی یەکەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش کە پێویست بو هەمو لایەک پابەندی هەنگاوە دەستورییەکان بن، فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتیمانی سەرباری ئامادەبونی سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان، دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی جێ هێشت. هەر ئەوەش یەکەم هەنگاوی فراکسیۆنی یەکێتی بو بۆ تێکدانی یەکڕیزیی لایەنە کوردستانییەکان لەناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق."

پارتی دەڵێت پۆستی سەرۆک کۆمار مافی گەلی کوردستانە نەک تەنها لایەنێک و لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەی خستوەتەڕوو، "لەبارەی بابەتی سەرۆک کۆماریش دووپاتی دەکەینەوە کە ئەو پۆستە ئیستحقاقی گەلی کوردستانە و تەنیا موڵکی لایەنێک یان کەسێکی دیاریکراو نییە. هەر بەپێی ئەو بنەمایەش دەبێ تەنیا کاندیدێک دیاری بکرێت کە ڕەزامەندی و پاڵپشتیی هەمو لایەنە کوردستانییەکانی لەسەر بێت بەڵام یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان بەردەوام بو لەسەر پێداگریی خۆی بۆ کاندیدکردنی کەسێک ئەویش لە دەرەوەی ڕەزامەندیی ناوماڵی کوردیی و پۆستی سەرۆککۆماریشی وەک ئیستحقاقێکی تەواو حزبی سەیر کردوە و لە ڕوانگەیەکی تەواو حزبیانە کاری بۆ کردوە نەک نیشتیمانیانە."

وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان یەکێتی بە تێکدانی یەکڕیزی کورد تۆمەتبار دەکات و ئاماژەی بەوەکردوە، "پێویست بو یەکێتی نیشتیمانی لەبارەی بابەتی سەرۆک کۆمار و یەکڕیزیی ناوماڵی کوردیی وردتر و نیشتیمانیتر هەڵسوکەوتی کردبا و، دەبێ بەرپرسیارێتیی دۆخی ئێستا و دواتری ئەو لێکترازانەی هاتۆتە کایەوە لە ئەستۆبگرێت."

شایانی باسە دوێنێ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لە سلێمانی کۆبووەوە و رایگەیاند، پۆستی سەرۆک کۆمار بە ئیستیحقاقی کورد و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەزان، بۆیە داکۆکی لە مافی خۆی دەکات و سازشی لەسەر ناکات، هەروەها ئەنجومەنی سەرکردایەتی "بڕیاریدا کە پشتگیری تەواو بکات بۆ سەرخستنی کاندیدی یەکێتی بۆ ئەو پۆستە، کە هەڤاڵ دکتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح-ە."

News Code 4829

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha