کوردپرێس:
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جووتیار عادل لە دیمانەیێکی ئاژانسی ئانادۆڵودا، زانیاری نوێ دەربارەی رێککەوتنی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ و دەرئەنجامی کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدا خستەڕوو.
جووتیار عادل راگەیاند "رێککەوتنی ئێمە لەگەڵ حکوومەتی عێراق لەسەر یاسای قەرزبووە، ئێمە گفتوگۆمان کردووە بۆئەوەی ئەو یاسایە جێبەجێ بکەین، هەموو مەرجەکان کە پێویست بووە جێبەجێی بکەین، بۆ نموونە رادەستکردنی داهات و پارەی نەوت بە سۆمۆ و رادەستکردنی لەسەدا ٥٠ی داهاتی خاڵە سنوورییەکان، ئێمە وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان رامانگەیاندووە و رازین. سەبارەت بە رەشنووسی پڕۆژەیاسای بوودجەی ٢٠٢١یش لە بڕگەکەدا کە تایبەتە بە هەرێمی کوردستان هاتووە، ئێمە وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت و لەسەدا ٥٠ی داهاتی خاڵە سنوورییەکان رادەستی حکوومەتی عێراق
بکەین رێککەوتووین لەسەری، گفتوگۆکان ئەوەندە بووە و باسی پار و پێرار و رابردوو نەبووە، شاندی ئێمە بۆ بابەتێکی دیاریکراو رۆشتووە و خۆشبەختانە شاندی دانوستانکار لەگەڵ عێراق گەیشتووەتە رێککەوتن لەسەر یاسای بوودجە و جێگیرکراوە".
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جووتیار عادل دەربارەی ئەوەی ئەگەر حکوومەتی فیدراڵ لەبری داهاتی نەوت، نەوتی بوێت حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە ئەو بڕە نەوتە رادەستی سۆمۆ بکات، گوتی: "بەڵێ ئامادەین و بەڕوونیش بە حکوومەتی عێراق (فیدراڵ) گوتراوە، بەداخەوە ئەوەی هەندێ لایەن و پەرلەمانتار دەیڵێت موزایەدەی سیاسییە".
جووتیار عادل راشیگەیاند "ئەو شاندەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە لە بەغدا بوو، بەدەسەڵاتی تەواو و سەدا سەدەوە لە بەغدا بوو".
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جووتیار عادل دەربارەی ئەوەی دەرئەنجامی گفتوگۆ و دانوستانەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا بەدڵی ئەنجوومەنی وەزیران بووە و خواستی ئەوانی تیادا هاتووەتە دی، گوتی: "هێشتا کۆبوونەوە و گفتوگۆکان کۆتایییان پێ نەهاتووە، چونکە کێشەی ئێمە و بەغدا تەنها مووچە و بوودجە نییە، بابەتی ناوچە کوردستانییەکان، پێشمەرگە و شایستە داراییەکانیشە، بۆیە ناتوانین ئێستا هەڵسەنگاندنێک بکەین و دروست دەردەچێت، چونکە پرۆسەکە بەردەوامە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتیی ئێمە وەک ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ستایشی رۆڵی شاندەکەمان کردووە لە بەغدا، لەبەرئەوەی زۆر زۆر بە پەرۆشی کارەکانی خۆیان کردووە، سەردانی نەک تەنها حکوومەت بەڵکو سەردانی پەرلەمان (ئەنجوومەنی نوێنەران) و سەرکردایەتی سیاسیی لایەنە عێراقییەکانیان کردووە و رێککەوتوون لەسەر بوودجە".
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیدا لە بەغدا لە لایەک گوتی "لەگەڵ حکوومەتی عێراق رێککەوتوین لەسەر بوودجەی ٢٠٢١" و لە لایەکی دیکە رایگەیاند کە ساڵێکی زەحمەت و قورس لە پێشمانە، ئەم دوو قسەیە کاردانەوەی شەقامی لێکەوتەوە و وا لێکدرایەوە کە ئەو قسەیە بەمانەی رێکنەکەوتن دێت".
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جووتیار عادل روونکردنەوەی لەبارەی ئەو قسەیەدا و بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "مەبەستی جێگری سەرۆکوەزیران لەوەبوو کە ئێمە وەک حکوومەت رێککەوتووین لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ لەسەر پرۆژەی بوودجەی ٢٠٢١، بەڵام قۆناغی گرنگتر و قورستر ماوە، ئەویش دەبێت پەرلەمان (ئەنجوومەنی نوێنەران) ئەو پرۆژەیە پەسەند بکات و بیکاتە یاسا، ئەوەش دەکەوێتە سەر هەوڵی هەم حکوومەت کە تا ئێستا بە ئەرکی خۆی هەستاوە، هەم هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و عێراق، بۆیە ئەم بابەتە تا یەکلانەبێتەوە لە پەرلەمان (ئەنجوومەنی نوێنەران)دا، ئێمە وەک حکوومەت نازانین ئەمە ئایا پەسەند دەکرێت یان نا، ئێمە وەک حکوومەت ئەرکەکانی خۆمان ئەنجامداوە، ماوەتەوە سەر پەرلەمان (ئەنجوومەنی نوێنەران) پەسەندی بکات، ئەگەر پەسەندی کرد زۆر باشە، بەڵام ئەگەر پەسەندی نەکرد، ئەو کاتە ئێمە هەنگاوی دیکەمان هەیە، بۆ نموونە باسمان لە ئامادەکردنی پرۆژەیاسای بوودجەی هەرێمی کوردستان کردووە، دەبێت بزانین داهاتەکانمان چۆن رێکبخەینەوە، ئەوەی کە گوترا مەبەستی ئەوەبوو، نەوەک رێک نەکەوتبین".
جووتیار عادل دەربارەی ئەوەی کە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی "ئەگەر پەرلەمان پشتگیریان بکات بە خۆگونجاندن لەگەڵ داهاتدا دەتوانن مانگانە مووچە بدەن، بەڵام رەنگە برەکەی کەمبێت"، ئەم خۆگونجاندنە چۆنە واتای ئەوەی کە پشت لە بەغدا دەکەن و هەرێم پشت بە داهاتی خۆی دەبەستێت، گوتی: "جارێ با ئەو پێشبینییە نەکەین، حکوومەت هەموو ئەگەرەکان هەڵدەسەنگێنێت و لێکی دەداتەوە، هێشتا گفتوگۆکان هەن و بەردەوامن، بەڵام وەک حکوومەت دەبێت هەمیشە بەدیل و جێگرەوەی هەبێت و هەڵسەنگاندن و لێکدانەوە بکەین، بۆنموونە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران کۆمەڵێک پێشنیازکراوە بۆئەوەی بتوانین ئەوەی لەدەستی حکوومەتدایە بۆ خزمەتی خەڵک و دابینکردنی قوتی خەڵک، بیکەین و حازرین".
Your Comment