وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا گەیشتە هەولێر و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی کۆ بووەوە

بەشی جیهان- ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌مە نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ كريستينه ‌لامبرێشت وه‌زيرى به‌رگريى ئه‌ڵمانيا به‌ ياوه‌ريى سه‌رۆكى ليژنه‌ى به‌رگريى له‌ په‌رله‌مانى ئه‌ڵمانيا و شاندێكى سه‌ربازى و ديپلۆماسى كرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، له‌ كۆبوونه‌وه‌ياندا، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زيرى به‌رگريى ئه‌ڵمانيا هاوڕا بوون كه‌ شه‌ڕى دژى داعش هێشتا كۆتايى نه‌هاتووه‌ و مه‌ترسى و هه‌ڕه‌شه‌كانى تيرۆر له‌ ناوچه‌كه‌، مه‌ترسى و هه‌ڕه‌شه‌ى سه‌ر ئارامى و سه‌قامگيريى ئه‌وروپا و ڕۆژئاواشن.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌ڵمانيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و بواره‌كانى هاوبه‌شى و هاريكاريى نێوانيان، دوايين پێشهاته‌كانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر و مه‌ترسييه‌كانى داعش، پێداچوونه‌وه‌ به‌ ئه‌ركى هێزه‌كانى ئه‌ڵمانيا له‌ عێراق و دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى تاوتوێ كران.

نێچيرڤان بارزانى پيرۆزباييى ده‌ستبه‌كاربوونى خۆى و حكوومه‌تى نوێى ئه‌ڵمانيا و ساڵى تازه‌ى له‌ خاتوو لامبرێشت و له‌ هێزه‌كانى ئه‌ڵمانيا كرد و سه‌ردانه‌كه‌ى له‌م قۆناغه‌ هه‌ستياره‌ى عێراقدا به‌ گرینگ له‌ قه‌ڵه‌م دا، هه‌روه‌ها سوپاسى ئه‌ڵمانياى كرد بۆ پشتگيريكردنى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ شه‌ڕى دژى تيرۆردا، جه‌ختى له‌وه‌ش‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ى داعش كۆتايى نه‌هاتووه‌ و نه‌هێشتنى تيرۆر ته‌نيا له‌ رێى سه‌ربازييه‌وه‌ نابێت، به‌ڵكو هه‌نگاوى سياسيشى پێويسته‌.

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان هه‌روه‌ها سوپاسى گه‌ل و حكوومه‌ت و په‌رله‌مان و ڕۆڵ و ئاماده‌ييى ئه‌ڵمانياى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرد بۆ پشتگيريى سياسى و سه‌ربازى و مرۆيى و هاريكارى و په‌ره‌پێدان، به‌تايبه‌تى يارمه‌تيى مرۆيى بۆ لێقه‌وماوان و قوربانييانى شه‌ڕ له‌ هه‌ردوو پێكهاته‌كانى ئێزدى و كريستيان.

لاى خۆيه‌وه‌ ‌لامبرێشت وێڕاى دووپاتكردنه‌وه‌ى به‌رده‌واميى پشتگيريى وڵاته‌كه‌ى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، گه‌شبينيى خۆى به‌ داهاتووى‌ كارى هاوبه‌ش و پێكه‌وه‌يى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و سوپاس و پێزانينى ئه‌ڵمانياى بۆ ڕۆڵ و قوربانييه‌كانى پێشمه‌رگه‌ له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و تێكشكاندنى داعشدا دووپات كرده‌وه‌.

دۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان، جموجۆڵى داعش له‌ سووريا، ڕه‌وشى كه‌مپى ئه‌لهۆڵ و چه‌ند بابه‌تێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌ورێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌كه‌ بوو.

لە کۆبوونەوەی وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەریەکە لە دڵشاد بارزانی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەڵمانیا؛ فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان؛ شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە؛ سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و فەلاح مستەفا، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشدارن.

بڕیارە وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لەدوای کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەردانی کۆنسوڵخانەی وڵاتەکەی لە هەولێر بکات.

News Code 4658

Your Comment

You are replying to: .
captcha