عێراق وڵاتی فره‌پێکهاته‌یه‌ و بێ مه‌سیحییه‌كان ئه‌و سیمایه‌ی خۆی له‌ده‌ستده‌دات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆک کۆماری عێراق لەمیانی وتارێکدا بەبۆنەی جەژنەکانی سەری ساڵی نوێی زاینییەوە رایگەیاند عێراق وڵاتی فره‌پێکهاته‌یه‌ و بێ مه‌سیحییه‌كان ئه‌و سیمایه‌ی خۆی له‌ده‌ست ده‌دات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق لە شاری بەغدا لە كڵێسای مار یوسف به‌بۆنه‌ی له‌دایكبوونی حه‌زره‌تی مه‌سیح و سه‌ری ساڵی نوێی زاینییەوە وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند: "پێویستە خۆشه‌ویستی و هاریكاری و لێبوورده‌یی، له‌پێناو هێنانه‌دی ئاشتی و پێکەوەژیان بەرجەستە بکەین".

لە وتارەکەیدا بەرھەم ساڵح ئاماژەی کرد بەوەی: "به‌درێژایی ساڵانی رابردوو، مه‌سیحییه‌كان وەک سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی دیكه‌ی عێراق گیرۆده‌ی تیرۆر و لێكه‌وته‌كانی توندڕه‌وی بوون و ناچاربوون وڵات به‌جێبهێڵن، بۆیه‌ ده‌بێت هه‌وڵبده‌ین ژیان و گوزه‌رانی مه‌سیحییه‌كان و گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ زێدی خۆیان زامن بكه‌ین، چوونكه‌ ئه‌وان مێژوو و هه‌وێنی ئه‌م نیشتمانه‌ن".

لە درێژەی وتارەکەیدا سەرۆک کۆماری عێراق رایگەیاند: "كاتێک پێشوازی له‌ ساڵی نوێ ده‌كه‌ین رووبه‌ڕووی چه‌ندین ئاسته‌نگ ده‌بینه‌وه‌ بۆیه‌ پێویستمان به‌ هه‌ڵوێستێكی جددی و چاره‌سه‌ری بوێرانه‌ هه‌یه‌، كه‌ پشت ئه‌ستوربێ به‌ حوكمڕانییێكی دروست و دادپه‌روه‌ر كه‌ ژیانێكی شكۆمه‌ندانه‌ بۆ هاووڵاتییان دابین بكات".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 461

Your Comment

You are replying to: .
captcha