بەپێی هەواڵیکوردپرێس، ئارێز عەبدوڵڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاندووە: "پێویستە بە هاوبەشی بڕۆین و گفتوگۆ بکەین و بە هاوبەشی لە حکوومەتی ئایندەدا بەشدار ببین. لە ماوەی رابردوودا یەکێتی و پارتی لەو بارەیەوە قسەیان کردووە، بەڵام نازانم کە ئاخۆ لەسەر ناردنی شاندی هاوبەش، ناردنی بەربژێرەکان و چۆنێتیی گفتوگۆ کردن رێککەوتنی کۆتایی کراوە یان نا. قسەی باش کراوە، بەڵام ئەو قسانە پێویستیان بەوەیە ببنە کردار."
ئارێز عەبدوڵڵا بە جەختەوە گوتی: "ئەگەر ئێمە و پارتی پێکەوە نەڕۆینە بەغدا بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و حکوومەتەکەی و لایەنە سیاسییەکانی زۆر خراپە، چوونکە لە بەغدا بە پەرتەوازەیی ناتوانین ئامانجەکانمان بەدیبهێنین. هیچ لایەنێک بە تەنیا ناتوانێت ئەوەی دەیەوێت دەستی بکەوێت."
یەکێک لەو پۆستانەی عێراق کە مشتومڕی پارتی و یەکێتی لەسەرە پۆستی سەرۆککۆماری عێراقە کە پێشتر بەپێی رێککەوتنی نێوانیان بۆ یەکێتی بووە، بەڵام ئێستا پارتی باس لەوە دەکەن کە ئەوان زۆرینەی هەڵبژاردنیان بردووەتەوە و پێویستە ئەو پۆستە بۆ ئەوان بێت.
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی گوتی، "ئەگەر پارتی بە زۆرینە قسە بکات و بڵێت ئێمە کورسیی زیاترمان هێناوە و دەبێت پشکی شێر بۆ ئێمە بێت، رەنگە نەگەینە ئەنجام. بۆ نموونە لە هەرێمی کوردستاندا دەسەڵاتە سەرەکییەکان لە دەستی پارتیدان. بۆیە باشتر وایە کە لە بەغدا پۆستێکی باڵامان هەیە بۆ یەکێتی بێت کە پۆستی سەرۆککۆمارە. داوا دەکەین پارتی و لایەنەکانی دیکە پشتیوانیمان بکەن ئەو پۆستە بۆ یەکێتی بێت."
ئارێز عەبدوڵڵا گوتیشی: "ئەگەر پارتی بڵێت لە هەرێمی کوردستاندا من زۆرینەی هەڵبژاردنم بردووەتەوە و رێککەوتنی ستراتیژی نەماوە، کەواتە نەگەیشتینە رێککەوتن و بەو جۆرە رێکناکەوین. راستە پارتی زۆرینەی بردووەتەوە، مافی خۆیەتی زۆرترین پۆستی هەبێت، بەڵام ئێمە لە دوو روانگەوە ئەو قسەیە دەکەین. یەکەم، مادەم پێشتر رێککەوتنمان هەبووە کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەت بۆ پارتی بێت، پێویستە پۆستی سەرۆکی عێراقیش بۆ ئێمە بێت. دووەم، بە حوکمی ئەوەی یەکێتی لە نیوەی هەرێمی کوردستان هەژموونی زۆر بەهێزە و بۆ ئەوەی ئەو هەژموونە بەهێزە لە بەغدا ببێتە هاندەرێک تاوەکوو پێکەوە کار بکەین."
ئارێز عەبدوڵڵا گوتی: "پێموایە ئێمە وەک کورد ئەگەر پشتیوانی لە حکوومەتی زۆرینە بکەین زیان دەکەین، چوونکە ئەم جارە ئەگەر بەشداری بە کورد بکەن، ئەوا بە ناوی حکوومەتی زۆرینەوە بە ئارەزووی خۆیان حکوومەت پێکدەهێنن و کاروبارەکانی وڵات بەڕێوەدەبەن. لە بەرژەوەندیی خەڵکی هەرێمی کوردستان نییە کە ئێمە پشتیوانی لە حکوومەتی زۆرینە بکەین."
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی باسی لەوە کرد کە ئەوان پێیان باشە لەگەڵ ئەو لایەنەدا رێککەوتن بکرێت کە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەپارێزێت.
Your Comment