کوردپرێس: پاش ئەوەی ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق پڕۆژەياسای قەرزی بەبێ رەزامەندی پەرلەمانتارانی کورد پەسەند کرد مەسعوود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
زۆر بەداخەوە جارێکی تر لایەنە سیاسییەکانی عێراق بە شیعە و سوننەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خەنجەریان لە پشتی گەلی کوردستان دا و بودجە و ڕزقی خەڵکی کوردستانیان وەک کارتێک بۆ گوشارهێنان بۆ هەرێمی کوردستان بەکار هێنایەوە.
ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە ماوەی ڕابردوو چەندین جار ڕێککەوتن لە نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ ئیمزا کراوە، بەڵام ڕێککەوتنەکان جێبەجێ نەکراون. ئێمە ئەو یاسایەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە بە بێ ڕەچاوکردنی بنەماکانی شەراکەت و ڕێککەوتنەکان دەری کردووە، بە بابەتێکی سیاسی و بۆ گوشارهێنان لەسەر هەرێم و سزادانی خەڵکی کوردستانی دەبینین کە پێچەوانەی بنەماکانی شەراکەت و تەوافوق و هاوسەنگیی نێوان پێکهاتەکانی عێراقە و جۆرێکە لە تەنگپێهەڵچنین و شەڕفرۆشی.
دەریشکەوت کە ئەوان پێشوەختە بڕیاری خۆیان لەسەر دژایەتی کردنی هەرێم داوە و هەمیشە بەو لۆژیکە مامەڵە لەگەڵ دەستوور و ڕێککەوتنەکان و ماف و داواکارییەکانی گەلی کوردستان دەکەن.
لێرەدا پێزانینم هەیە بۆ یەکدەنگیی نوێنەرانی کوردستان لە بەغدا کە بە هەڵوێستێکی هاوبەش دژی ئەو یاسایەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وەستانەوە و ئەو هەڵوێستەیان جێگەی سوپاس و دەستخۆشییە. داواش لە سەرۆکایەتیی هەرێم و پارلەمان و حکوومەت دەکەم کە لەگەڵ نوێنەرانی کوردستان لە بەغدا و لایەنە سیاسییەکانی هەرێم، پێکەوە لەسەر ئەم بابەتە کۆ ببنەوە و بگەنە بڕیارێکی هاوبەش. بڕیارێک بدەن کە لە ئاست بەرپرسیارێتی بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و لە هەمانکاتیشدا کەرامەتی میللەتەکەمان بپارێزرێت و سنوورێک بۆ ئەو ڕەفتارانە دابنێت کە مەبەست لێی سزادانی گەلی کوردستانە.
Your Comment