بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان له وتارێكدا رایگهیاند: ''ئێمەی کورد لە وڵاتی خۆماندا دوو جار تووشی چەوسانەوە بووین، جارێک قەومی و جارێکیش مەزهەبی، ڕەنگە ئێستاش ئەو هەورە هەر لەسەر سەرمان بێت، بۆ نموونە کوردە فەیلییەکان بەئامانج دەگیران، لەبەر ئەوەی هەم کوردن و هەم شیعەن، ئێستاش کوردە سوننەکان هەم کوردن و هەم سوننەن لە حکوومتی شیعەدا".
سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی جەختی کردەوە کە ''دەبێ ئیسلامی لە ئیسلامی سیاسی جودا بکەینەوە، ئەوانەی پەیڕوی ئیسلامی سیاسین، ئیسلامیان ناشیرین کردووە و خەڵکیان تووشی هەڵوێستی نەرێنی کردووە لە بەرانبەر ئیسلامدا".
فازڵ میرانی وتیشی، ''ئیسلامی ئیجابی خەڵک بەرەو پێکەوەژیان هان دەدات، بەڵام ئەو حزبانەی کە ئیسلامین، یان لە تەقلیددا دەژین و پێش ناکەون، خەڵک بەرەو ئیرهاب هان دەدەن، ئەمەش خیلافی ئیسلامە. بۆ نموونە کوشتنی خەڵک و قبووڵ نەکردنی خەڵکی ناموسڵمان و ئەوانەی کوشتاری دەستی ئێزدی ناخۆن، یان لە ماڵی مەسیحییەک ناخەون، ئەمانە خیلافی ئیسلامن".
سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاماژهی بهوهش كرد، سەرباری ئەو چاوساندنەوە و سەرکوتانەی لە درێژایی مێژوودا بەسەر کورددا هاتووە، بەڵام کورد هەم خاک و هەم ئایین و هەم خۆیان پاراستووە.
Your Comment