11 هەزار ئاوارە لە کەمپەکانی سلێمانی ئامادە نین بگەڕێنەوە زێدی خۆیان

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لە چوار کەمپی تایبەت بە ئاوارەکان لە پارێزگای سلێمانی 11 هەزار و 316 ئاوارە هێشتا نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە سێ مانگی رابردوو لە کەمپی ئاشتی لە عەرەبەت تەنیا 8 خێزانی ئاوارە بە خواستی خۆیان گەڕاونەتەوە پارێزگای سەلاحەدین. ئاوارەکان لە هەڕەشەکانی داعش و نەبوونی هەلی کار نیگەرانن بۆیە زۆربەیان هێشتا ئامادە نین بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

حکوومەتی عێراق بڕی یەک ملیۆن دینار دەداتە هەر خێزانێکی ئاوارە کە بیەوێ بگەڕێتەوە. هەروەها تێچووی گەڕانەوەشی بۆ دابین دەکات.

کەمپی ئاشتی لە ساڵی 2014 ـەوە زیاتر لە هەزار و 830 خێزانی پەنابەری ناوخۆی عێراقی تێدایە، ئەوانەی لەو کەمپەن زۆرینەیان خەڵکی پارێزگای سەلاحەدینن، هیوایان گەڕانەوەیە بۆ زێدی باوک و باپیریان، بەڵام مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی داعش و لێکەوتەکانی شەڕ لە ناوچەکانیان تروسکایی هیوای گەڕانەوەی بەشێکیانی کەم کردووتەوە.

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بۆ کارئاسانی گەڕانەوەی پەنابەرەناوخۆییەکان بۆ زێدی خۆیان هاوکاری داراییان دەکات و لەسەر خواستی خۆیان دەیانگەڕێننەوە ئەو جێگەیەی لێی ئاوارەبوون.

لە چوار کەمپی ئاوارە عێراقییەکان لە سلێمانی دوو هەزار و 445 خێزان دەژین کە ژمارەیان دەکاتە 11 هەزار و 336 کەس، لەساڵی رابردوو تەنیا 217 کەس گەڕاونەتەوە ئەو ناوچانەی لێی ئاوارەبوون.

لەمانگی 11 ـی ئەمساڵ وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق داوای لە ئاوارە عێراقییەکان کرد بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و ئەوانیش هاوکاریان دەبن.

News Code 4433

Your Comment

You are replying to: .
captcha