لەسەر پەرەپێدان بە کەرتی نەوت گاز کێشە دەکەوێتە نێوان هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا بیانییەکان

بەشی جیهان- کێشەی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیایەکی نەوتی لەسەر مافی پەرەپێدان و خاوەندارییەتی پشکەکانی دوو کیڵگەی گازی لە هەرێمی کوردستان قووڵ بووەتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دوای ئەوەی کۆمپانیای تورکی-ئینگلیزی گەنەل ئینێرجی رۆژی 10 ی ئەم مانگە رایگەیاند لە دژی سەندنەوەی دوو کێڵگەی میران و بنەباوی لە کۆمپانیاکە، لە دادگای نێوبژیوانی نێودەوڵەتی لەندەن سکاڵا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان تۆمار دەکات و داوای قەرەبوو دەکاتەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لە دژی کۆمپانیاکە بڵاو کردەوە.

لە راگەیێندراوەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاتووە کە کۆمپانیای گەنەل ئینێرجی خۆی کۆتایی بە گرێبەستەکەی هێناوە، بەوپێیەی کە رایگەیاندووە ناتوانێت ئەرکەکانی لە چوارچێوەی گرێبەستەکانی لە کێڵگەی میران و بنەباوی بەجێبهێنێت.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە کە بەیاننامەی رۆژی 10 ی ئەم مانگەی کۆمپانیای گەنەل ئینێرجی لە دوای ئەوە دێت کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەرێگەی نامەیەکەوە لە رۆژی 5ی ئەم مانگە کۆمپانیاکەی لە کۆتایی پێهێنانی گرێبەستەکانی لەو دوو کیڵگەیە بەرەسمی ئاگادار کردووەتەوە.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردووەتەوە کە کۆمپانیای گەنەل ئینێرجی ویستوویەتی پاساو بۆ کۆتایی هێنانی گرێبەستەکانی بهێنێتەوە و بیانووی ئەوەی هێناوە کە گوایە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەند بە ناوەڕۆکی گرێبەستەکان نەبووە.

کۆمپانیای گەنەل ئینێرجی لە راگەیێندراوەکەی رۆژی 10 ی ئەم مانگەیدا رایگەیاندبوو، "لە مانگی 2 ی ساڵی 2017 وە کە گرێبەستەکانی ئەو دوو کێڵگەیە وەرگرتووە هەموو هەوڵێکی داوە بۆ ئەوەی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاربێت بۆ پەرەپێدانی دوو کیڵگەی میران و بنەباوی و بۆ ئەو مەبەستەش چەندین پرۆپۆزەڵی پێشکەش بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ ئەوەی پەسندی بکات."

گەنەڵ ئێنێرجی دەڵێت "دەمێکە حکوومەتی هەریمی کوردستان مەبەستی خۆی روونکردووەتەوە کە ئامانجی نییە مۆڵەتی پەرەپێدانی ئەو کێڵگانە بدات، بەپێی خاڵەکانی نێو گرێبەستەکان."

کۆمپانیای گەنەل ئینێرجی هەروەها لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت، "بۆردی کۆمپانیاکە هیچ بژاردەیەکی بۆ نەماوەتە جگە لەوەی کە دان بەوەدا بنێت کە گرێبەستەکەی لە ئاکامی بەزاندنی گرێبەستەکان لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە کۆتایی پێهاتووە لەبەر ئەوەش سكاڵا لە دژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تۆمار دەکات و داوای قەرەبوو دەکاتەوە".

لە بەرامبەردا حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوەکەی خۆیدا هەڵوێستی کۆمپانیای گەنەل ئینێرجی رەت دەکاتەوە و دەڵێت، "حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر بەداخەوەیە کە کۆمپانیای گەنەل ئینێرجی نەیتوانیوە پرۆپۆزەڵێکی باوەڕپێکراو بۆ پەرەپێدانی ئەو دوو کێڵگەیە پێشکەش بکات کە هۆکاری سەرەکییە بۆ ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکوو ئێستا نەیتوانیوە لە ماوەیەکی گونجاودا ئەو دوو کێڵگەیە پەرەپێبدات."

حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە تووندی رەتیکردووەتەوە کە کۆمپانیای گەنەل ئینێرجی هیچ قەرەبوویەکی پێ ببڕێت و دەڵێت بە تووندی وەڵامی هەر سکاڵایەکی کۆمپانیای گەنەل ئینێرجی دەداتەوە و دژەسکاڵاش تۆماردەکات لەسەر ئەو زیانەی کە بەریکەوتووە بەهۆی پابەندنەبوونی کۆمپانیای گەنەل ئینێرجی بە گرێبەستەکانییەوە.

لە تۆڕی میدیایی ڕوودا وەرگیراوە

News Code 4393

Your Comment

You are replying to: .
captcha