بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز کە لە زاری بەرپرسانی سەربازیی پێشوو و ئێستای ئەمریکا بڵاو بووەتەوە یەکینەیێکی نهێنیی سەربازیی ئەمریکا لەژێر ناوی «تالۆن ئانویل» کە بەرپرسیارێتی چاودێریی جووڵەکانی داعشی لە سووریا و عێراق لە ئەستۆیە، بەبێ ئەوەی ئاوڕ لەوە بداتەوە کە ئامانجەکان خەڵکی سڤیلن یان داعش بەستێنی بۆ ڕژاندنی 112000 بۆمبی بەسەریاندا فەراهەم کردووە.
هەر بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە: درۆن و فڕۆکە شەرکەرەکانی ئەمریکا هاوکات لەگەڵ بەئامانج کردنی داعش، وەرزێران لە ناو کێڵگەکان و منداڵان لە شەقام و خەڵکی مەدەنی لە پەناگاکان دەکەنە ئامانج.
بەرپرسێکی ئەمریکی دەڵێت ژمارەی ئەندامانی ئەو یەکە شاراوە لە 20 کەس کەمتر بوون بەڵام دەوری سەرەکییان بینیوە لە ڕژاندنی 112000 بۆمب لە شەڕی داعشدا. ئەو کەسانە زۆر ئاوڕیان لە جیاکردنەوەی ئامانجەکان نەداوەتەوە. بۆیە ڕەنگە خەڵکی مەدەنیش بووبنێتە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکان.
ئەو یەکە چکۆلەیەی ئەرتەشی ئەمریکا ڕۆڵێکی گرینگیشی لە بۆردوومانە ئاسمانییەکانی ساڵی 2015 تا 2019 لە دژی داعش هەبووە و بە وتەی چوار بەرپرسی پێشوو و ئێستای ئەمریکی، زۆرینەی فەرمانی هێرشە ئاسمانییەکان نەک لەلایەن فەرماندە باڵاکانی پێنتاگۆن بەڵکوو لەلایەن کۆماندۆ مامناوەندەکانی یەکەی تالۆن ئانویلەوە دەرکراوە.
ئەم ڕۆژنامەیە مانگی ڕابردووش ئاشکرای کرد ئەرتەشی ئەمریکا لە بۆردوومانی ناوچەی باغۆز لە سووریا هەبوو کە ژمارەیەکی زۆر کوژراوی لەنێو خەڵکی مەدەنیدا لێکەوتەوە.
Your Comment