ته‌نها له‌ شه‌ش مانگی ئه‌مساڵی فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێمدا، سێ ملیار دۆلار دیار نه‌ماوه‌

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئه‌ندامی فراکسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ له‌ په‌رله‌مانی کوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، ساڵانه‌ شه‌ش ملیار دۆلار له‌ داهاتی نه‌وت دیار نامێنێت، ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ش دوو هێنده‌ی ئه‌و داهاته‌یه‌ که‌ له ‌ساڵێکدا ده‌چێته‌ خه‌زێنه‌ی حکوومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مژده‌ مه‌حموود له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووک نووسیویه‌تی: "ئه‌و بۆریه‌ی نه‌وتی ھه‌رێم ده‌گوازێته‌وه‌ بۆسه‌ر به‌نده‌ری جیھانی تورکی، 700 کیلۆمه‌تری له‌ ده‌ره‌وه‌ی خاکی ھه‌رێمدایه‌ کرێی ھه‌ر به‌رمیلێک دوو دۆلاره‌، 470 کیلۆمه‌تری ده‌که‌وێته‌ خاکی ھه‌رێم که‌ بۆریه‌که‌ ھی حکوومه‌تی ھه‌رێمه‌، به‌ڵام بۆ ھه‌ر به‌رمیلێک شه‌ش دۆلار ده‌دات بۆ کۆمپانیا حیزبیه‌کانی خۆیان، واته‌ کرێی یه‌ک به‌رمیل تا ده‌گاته‌ به‌نده‌ری جیھانی تورکی هه‌شت دۆلاره‌، که‌ له‌ شه‌ش مانگی یه‌که‌می ئه‌مساڵدا کرێی بۆری 650 ملیۆن دۆلار بووه‌".

راشیگه‌یاندووه‌، "حکوومه‌تی عێراق بۆ هه‌ر به‌رمیلێک نه‌وت ته‌نها سێ دۆلار ده‌دات وه‌ک خزمه‌تگوزاری نه‌وتی و پاره‌ی کۆمپانیاکان، به‌ڵام حکوومه‌تی هه‌رێم بۆ یه‌ک به‌رمیل نه‌وت زیاتر له‌ 18 دۆلار ده‌دات بۆ کۆمپانیا بیانی و ناوخۆیه‌کان، هاوکات، ئه‌گه‌ر ئه‌م نه‌وته‌ی هه‌رێم حکوومه‌تی عێراق بیفررۆشتایه‌ ئه‌وا بڕی نزیکه‌ی پێنج ملیار دۆلار ده‌بو ، چوار ملیار و نیو دۆلاری ده‌مایه‌وه‌ بۆ حکومه‌تی هه‌رێم و خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان، به‌ڵام به‌م شێوازی فرۆشتنه‌ی نه‌وتی هه‌رێم له‌ کۆی هه‌مو ئه‌و نه‌وته‌ی فرۆشراوه‌ ته‌نها یه‌ک ملیار و 700 ملیۆن دۆلاری پوخت گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت".

مژده‌ مه‌حموود ئه‌وه‌شی ئاشکرا کردووه‌، "به‌ واتایه‌کی دیکه‌ ته‌نها له‌ شه‌ش مانگی ئه‌مساڵی فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێمدا، سێ ملیار دۆلار دیار نه‌ماوه‌ و به‌هه‌ده‌ر رۆیشتوه‌، که‌ ساڵانه‌ ده‌کاته‌ شه‌ش ملیار دۆلار پاره‌ی به‌فیرۆچوی داهاتی نه‌وت، که‌ ئه‌م پاره‌یه‌ی دیارنه‌ماوه‌ دو هێنده‌ی ئه‌و داهاته‌یه‌ که‌ دێته‌ ناو خه‌زێنه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌".

باسی له‌وه‌ش کردووه‌، "پێویسته‌ ئه‌و تاڵانفرۆشیه‌ ڕابگیرێت که‌ زۆربه‌ی پاره‌که‌ ده‌چێت بۆ کۆمپانیا حیزبیه‌کانی ده‌سه‌ڵات و نه‌وه‌ی نه‌وه‌کانیشمان باجی ئه‌و تاڵانفرۆشیه‌ ده‌ده‌ن".

News Code 4382

Your Comment

You are replying to: .
captcha