پێش بینی دەکەین تورکیا میلیشیاکانی خۆی لە سووریا بکشێتەوە

بەشی سووریا- ئەندامێکی نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەریی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: پێش بینی ئێمە ئەوەیە کە ڕێککەوتن کرابێت لەسەر ئەوەی کە تورکیا هەموو میسلیشیاکانی ژێر فەرمانی خۆی بەتایبەت ئەوانەی لە کوردستانی سووریان لەو وڵاتە بکشێتەوە.

«فەتحوڵڵا حسێنی» ئەندامێکی نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەریی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە هەرێمی کوردستان، لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دابە دابەزینی گوشاری میدیایی تورکیا بۆ هێرش کردنەسەر باکووری سووریا و ڕایگەیاند: ئەم پرسە بەسراوە بە دوو بابەتی ناوخۆیی و بیانیی تورکیاوە. ئەمجارەیان نە ڕووسیا و نە ئەمریکا لەگەڵ تورکیا ڕێکنەکەوتوون بۆ دەست پێکردنی هێرشێکی دیکە لەدژی باکووری سووریا بەڵام پێشتر ئەمریکای و ڕووسیاش لەگەڵ ئەو هەڵمەتەی ئەردۆغان بوون.

ناوبراو زیاتر وتی: بەڵام ئەمەش مانای ئەوە نییە کە تورکیا وازی لە دەست درێژی هێناوە، چوونکە لە ئێستادا بەکەڵک وەرگرتن لە گرووپە چەکدارەکان و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و تۆپباران کردنی شار و گوندەکان درێژە بە دەستدرێژییەکانی خۆی دەدات.

ناوبراو وتیشی لەلایەکی دیکەشەوە دۆخی ناوخۆی تورکیا ئاڵۆزە و هەم پرسی سیاسی و هەم بابەتی ئابووری بوونەتە هۆی قەیرانێکی قووڵ بۆ دەسەڵاتی داد و گەشەپێدان.

ناوبراو جەختی کردەوە: ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا بەهێزتر بوویە و خەرێکی خۆڕێکخستنەوەیە و دەیهەوێت هەڵبژاردنی پێشوەختە لە تورکیا بەڕێوە بچێت.

فەتحوڵڵا حسێنی وەبیری هێنایەوە: چیدی تورکیا توانای ئەوەی نییە وەکوو ڕابردووی هێرشی زەمینی و ئاسمانی بکات و هێرشێکی بەربڵاو لە دژی کوردستانی سووریا دەست پێبکات.

ئەندامێکی نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەریی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە هەرێمی کوردستان، ئاماژی دا بە بارودۆخی سیاسیی نوێی بەڕێوەبەریی خۆسەر و وتی: دۆخەکە وەکوو ڕابردوو نییە و گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە و هەم ئەمریکا و هەم ڕووسیا وەکوو ئەمری واقیعی سیاسی بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا دەڕوانن.

ناوبراو وتیشی: پێش بینی ئێمە ئەوەیە کە ڕێککەوتن کرابێت لەسەر ئەوەی کە تورکیا هەموو میسلیشیاکانی ژێر فەرمانی خۆی بەتایبەت ئەوانەی لە کوردستانی سووریان لەو وڵاتە بکشێتەوە.

ئەم سیاسەتوانە کوردە وەبیری هێنایەوە: لە ئێستادا تورکیا بووەتە هەڕەشەیەک لەسەر ناوچکە و بەرژەوەندیی زلهێزەکان و هەمووانیش لەگەڵ ئەوەدان کە تورکیا دەبێت ڕابگیردرێت.

ناوبراو زیاتر ڕایگەیاند: هیوادارین ڕووسیا وەکوو هێزێکی دەسەڵاتدار لە سووریا ئەرکی خۆی لەبارەی ئەو وڵاتە جێبەجێ بکات. لە ئێستادا دوو هێز و دەسەڵات واتا هەسەدە و حکوومەتی ناوەندیی لە سووریا بوونیان هەیە و پێویستە ڕووسیا بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان گوشار بخاتە سەر دیمەشق تاکوو ئەو کاتەی دۆخی سیاسیی لە سووریا ڕوون دەبێتەوە.

News Code 4375

Your Comment

You are replying to: .
captcha