بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمشەو 29-11-2021 چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر سەنگەرێکی پێشمەرگە، لەو بارەوە عەمید روکن دلێر مەحموود، فەرماندەی لیوای 17 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند کە شەش ئەندامی داعش بە ماتۆڕسکیل هێرشیانکردووەتەوە سەر سەنگەرەکە.
بەهۆی باری ئەمنییەوە شەماڵ نامیق، قایمقامی کفری قەدەخەی هاتووچۆی ماتۆڕی تاوەکوو کاژێر هەشتی بەیانی لە قەزاکە راگەیاند.
پێشمەرگەیەک لە لیوای 9ـی فەوجی یەک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند کە تاوەکو کاژێر 10:25 شەڕەکە بەردەوام بووە و، توانیویانە تا ئەو کاتە هێرشەکان تێکبشکێنن، هەروەها لەبارەی ژمارەی بریندارەکانیشەوە گوتی، بە وردی دیار نییە، بەڵام سێ یان چوار پێشمەرگە بریندارن.
لەمبارەوە وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، هێرشەکە کاژێر 22:05 خولەک بووە. تیرۆریستانی داعش هێرشیان کردە سەر سەنگەرەکانی فەوجی دووی لیوای 9ـی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە لە سنووری کفری. "لە ئەنجامی بەرگرییەکی کەم وێنەی هێزەکانمان لەو سنوورە" پێشمەرگەیەک شەهید بووە و سیانی دیکەش برینداربوون."
وەزارەتی پێشمەرگە دەشڵێت، هێرشە تیرۆریستییەکە تێکشکێندرا و ئێستا هێزەکانی پێشمەرگە لە راوەدوونانی تیرۆریستان بەردەوامن.
Your Comment