وەزارەتی پێشمەرگە: چەکدارانی داعش لەژێر دەسەڵاتی عێراقەوە پەلاماری پێشمەرگە دەدەن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیێنێت، هەر جارێک کە داعش پەلاماری هێزەکانی پێشمەرگە دەدەن لە ژێر دەسەڵاتی سوپای عێراقەوە دێن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە بە رادیۆی رووداوی راگەیاندووە: "دەتوانم بڵێم هەموو جارێک کە داعش دێن پەلاماری هێزەکانی پێشمەرگە دەدەن، لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوپای عێراقەوە دێن. دوای ئەوەی کارەکەیشیان دەکەن هەر بۆ ئەو ناوچانەی ژێر دەسەڵاتی سوپای عێراق دەگەڕێنەوە، چوونکە هێزەکانی سوپای عێراق تەنیا ئەو ناوچانە دەپارێزن کە تێیاندا جێگیرن".

پێشتر مەحموود سەنگاوی، فەرماندەی میحوەری گەرمەسێری پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هۆکاری هێرشەکە "کەمتەرخەمیی ئێمەیە. مانگێکە ئاگادارمان کردوونەتەوە کە هێرش دەکرێتە سەریان".

جەبار یاوەر گوتیشی: "ئەم پێشمەرگانە لەبەر دڵسۆزیی خۆیان، بۆ ئەوەی بچن بە هانای بریندارەکانەوە و گوێیان نەداوە بەوەی کە ئەو رێگەیەی دەچێت بۆ رەبیەکەی برادەرەکانیان خۆڵە و دەکرێت مینی تێدا دانرابێتەوە بۆیان. دەبوو بە پێ بڕۆیشتنایە یان بە ئامێری دۆزەرەوەی مین رێگەکەیان بپشکنیایە. ئەو کەمتەرخەمییەی کە دەگوترێت زیاتر ئەوە بووە".

ئەمینداری گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە ئاماژەی بەوە دا، پێش پەلاماری سوپای عێراق بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە سەردەمی عەبادیدا، ئەو ناوچانە لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی پێشمەرگەدا بوون و هیچ تیرۆریستێک نەیاندەتوانی بێتە ئەو ناوچانە. دوای ئەوەی پێشمەرگە لەو ناوچانە نەما و کەوتنە ژێر دەسەڵاتی سوپای عێراق، بۆشاییەکی زۆر گەورە دروست بوو کە لە هەندێک شوێن پانتاییەکەی 40 کیلۆمەتر دەبێت کە ئەو چەکدارانە دەتوان چەک و تەقەمەنییەکانیان بشارنەوە و مەشق بکەن. هۆکارێکی دیکەیش ئەوەیە کە هێزەکانی سوپای عێراق نەیانتوانیوە بە تەواوی ئەو ناوچانە کۆنترۆڵ بکەن کە لەژێر دەسەڵاتی خۆیاندان.

News Code 4267

Your Comment

You are replying to: .
captcha