بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەدحەت سانجار هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی پارتەکەیدا، قسەی بۆ جەماوەری پارتەکەی لە مێرسین کرد و ئاماژەی بە بوونی ئاپۆڕای جەماوەریی هەدەپە کرد و گوتی: "ئێمە دەزانین کاتێک ئەوانەی کۆشک ئەم جۆش و خرۆشەی ئێرە دەبینن، ترس لایان دروستدەبێت. ئەوان کە دەبینن ئێمە سەرەڕای ستەم، زۆرداری، چەوساندنەوە، جۆش و خرۆش و هیوامان لەدەست نەداوە، تێدەگەن کێ لەگەڵ کێدایە. گەل و هەدەپە بەیەکەوە ئەم دەسەڵاتە لادەبەن و کۆتایی بەم شپرزەییە دەهێنن".
هاوسەرۆکی هەدەپە جارێکی دیکە پێویستیی تورکیای بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت دووپاتکردەوە و گوتی، "دەبێت ئەم دەسەڵاتە دەستلەکار بکێشێتەوە و هەرچی زووە بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەخت بدات".
مەدحەت سانجار گوتیشی، ئەگەر سەرۆککۆماری وڵات متمانەی بە سیاسەتە ئابوورییەکەی هەیە با بڕیاری هەڵبژاردن بدات و ئەو کاتە تێدەگات کێ براوەیە و کێ دۆڕاو.
لەبارەی ئامادەکاریی هەدەپە بۆ ئەگەری هەڵبژاردن، سانجار جەختی کردەوە کە ئەوان هەمیشە ئامادەن بۆ ئەو پرۆسەیە.
Your Comment