دیندار زێباری: خۆپیشاندانەکانى سلێمانى مۆڵەتیان نەبووە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشتگیری لە داواکانی قوتابیان دەکات بەشێوەیێکی هێمنانە و دوور لە توندوتیژی .

کوردپرێس:

چەند ڕێکخراو و میدیایێکی نێودەوڵەتی، لەوانەش تیمی ئاشتیپارێزی کریستیان (CPT)، دامەزراوەی ئەمریکی (AEI)، میدیای زە کرادڵ، شەفەق نیوس، ئێم ئێس ئێن، و وێبسایتی کرێکارانی دژ بە مەزهەبگەرایی، لە ڕاپۆرتەکانیان باسی ئەو قوتابیانەیان کردووە کە بۆ داواکردنی دەرماڵەی مانگانە دەستیان بە خۆپیشاندان کردووە.

لەبارەى ئەو رەخنەى ئەو رێکخراوانەوە دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: حکومەتی هەرێم پشتگیری لە گشت داوا رەواکانی هاووڵاتیان دەکات، لە هەرێمی کوردستان یاسایەکی تایبەت بە خۆپیشاندان هەیە یاسای (ڕێکخستنی خۆپیشاندان) ژمارە (١١)ی ساڵی (٢٠١٠)، بەپێی ئەم یاسایە خۆپیشاندان مافێکی یاسایی و دەستوورییە، بەپێی ئەم یاسایە هەر خۆپیشاندانێک لە هەرێمی کوردستان ئەنجامبدرێت، پێویستە پێشتر مۆڵەت وەربگیرێت و دەزگا ئەمنییەکانیش لەلایەن خۆیانەوە ئەرکی پاراستنی خۆپیشاندەران و ماڵ و موڵکی گشتی ئەستۆ دەگرن لە کاتی ئەنجامدانی خۆپیشاندان.

سەبارەت بە رووداوەکانی ئەم دواییەی سلێمانی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەى بەوە کردوە کە بەپێی بەدواداچوونەکانیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی پارێزگای سلێمانی، رۆژی ٢١/١١/٢٠٢١ لە پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین و چەند شوێنێکی تر، ژمارەیەک قوتابی زانکۆ و پەیمانگاکان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا. داواکاریی سەرەکیی خۆپیشاندەران بریتی بووە لە خەرج کردنی دەرماڵەی قوتابیان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە و پێشتر لایەنە پەیوەندیدارەکانیان لە نارەزایەتییەکانیان ئاگادار کردۆتەوە، بەڵام مۆڵەتی فەرمییان نەبوو.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستووەتەڕوو کە بە گوێرەی سەرچاوە فەرمییەکان، لە ئەنجامی خۆپیشاندانەکان زیان بەر بەشێک لە ماڵ و موڵکی گشتی و بارەگای حزبەکان کەوتووە و هەندێک شوێن سووتاوە، خۆشبەختانە تا ئێستا هیچ قوربانییەکی گیانی نەبووە، بەڵام چەند کەسێک بریندار بوون لە کارمەندانی پۆلیس و خۆپیشاندەران و چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە.

دەشڵێت"لە هەمان کاتدا لیژنەی بەدواداچوون پێکهێنراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراوەتەوە و ئەو کەسەی توندوتیژی بەرامبەر بە خۆپیشاندەران ئەنجامداوە دەستگیر کراوە".

زێباری سەبارەت بە ئیجرائاتی لایەنە ئەمنییەکان و هەڵوێستیان بەرامبەر بە خۆپیشاندەران وتی: لایەنە پەیوەندیدارەکان بە ئەرکی سەرشانی خۆیان هەستاون کە بریتییە لە پاراستنی ئارامی خۆپیشاندانەکان و پشتیوانی کردن لە داوا رەواکانیان بەشێوەیەکی مەدەنی، لەلایەکی دیکەوە زانکۆ و دامەزراوە فەرمییەکان پشتیوانی لە داوای قوتابیان دەکەن و داوا دەکەن کە خۆپیشاندەران بەشێوەیەکی ئاشتیانە گوزارشت لە داواکانیان بکەن و هیچ لایەک پەنا نەبەنە بەر توندوتیژی.

هەفتەى رابردوو خوێندکارانى زانکۆو بەشەناوخۆییەکان لە هەولێرو سلێمانى و دهۆک و گەرمیان و راپەرین خۆپیشاندانیان کردو داوای دەرماڵەکانیان کرد، بەڵام لە سلێمانى هێزە ئەمنییەکان بەشێوەیێکى توندە رووبەرووى خوێندکاران بوونەوە.

News Code 4227

Your Comment

You are replying to: .
captcha