بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە بەیاننامەیەکدا 34 مامۆستای ئاینی لە هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا لەبارەى خۆپیشاندانەکانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان دەڵێن: "ئاماژەی زۆر ترسناک لەسەر ڕەوشی ئێستای هەرێمەکەمان هەیە و قات و قوڕی و نەبوونی مووچە و کۆمەڵێک گرفتی خزمەتگوزاری ڕووی لە خەڵک و جەماوەر کردووە".
ئەوان دەڵێن "داواکاری خوێندکاران زۆر ڕەوایە و داوا لەهەر سێ سەرۆکایەتیەکە دەکەن بەزووترین کات بێنە سەر خەت و مافی تەواوی قوتابیانی ئازیز دابین بکەن و خزمەتگوزارییەکان پێشکەش بە قوتابیان بکەن".
دەقی ڕاگەیەنراوەکە:
بسم الله الرحمن الرحیم
پێغەمبەر ( صلی اللە علیە وسلم)، دەفەرموێت : ( إِنَّ الْمَلائِکةَ لَتَضَعُ أَجْنِحَتَهَا لِطَالِبِ الْعِلْمِ رِضًا بِمَا يَصْنَعُ ).
بۆ بەڕێزان :
١ – سەرۆکی هەرێمی کوردستان .
٢ – سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان .
٣ – سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان.
٤ – وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.
٥ – دەسەڵاتدارانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان.
سەرەتا سڵاو ..
بەڕێزان ئێمە وەک زانایانی ئایینی و دڵسۆزی خەڵک و میللەت ٬ ئاگاداری ڕوداوەکانی ئەم دواییەی هەرێمی کوردستانین !! ئاماژەی زۆر ترسناک لەسەر ڕەوشی ئێستای هەرێمەکەمان هەیە !!
قات و قوڕی و نەبوونی مووچەو کۆمەڵێک گرفتی خزمەتگوزاری ڕووی لەخەڵک و جەماوەر کردووە !!
خەڵکی بێزارو بێ تاقەت کردووە !! ئەمەش بۆتە هۆکاری ئەوەی گەنجان وڵات بەجێ دێڵن و لەسنوورو بەحرەکان دەمرن !! باری ژیانی قوتابیان زۆر قورس بوەو ٬ خەریکە وڵات لەرووی سومعەی ناوچەیی و نێو دەوڵەتی زۆر لەکەدار بوە !!
ئەمەش کارەساتە، وڵاتێک ئەم هەموو سەروەت و نەوت و کەرستە خاوەی هەبێت، خەڵک و قوتابی لەبرسان و بێ کاری کۆچ بکات!! شوێنی حەوانەوەیان لە بەشەناوخۆییەکان کەمترین خزمە تگوزری هەیە.
بۆیە ئێمە وەک مامۆستایانی ئایینی ئەم داواکاریانە دەخەینە بەر دەستی بەرپرسان و جەماوەرو قوتابیانی خۆشەویست :
١- قوتابیانی خۆشەویست داواکارییەکانتان ڕاست و ڕەوایە، بۆیە داوا لە بەڕێزتان دەکەین مەهێڵن داواکاریەکانتان بەلاڕێدا ببرێت و توندوتێژی لێبکەوێتەوەو مافەکانتان لەدەست بدەن.
٢- هێزەکانی ئاسایش، پۆلیس و بەرگری نیشتیمانی کارەکەتان بەرپرسیایەتیەو لەڕۆژی دوایی!! لەدونیا پشتگیری زاڵم و ستەم کارەکان مەکەن، چونکە خودا دەفەرموێت : ( ( وَلاَ تَرْکنُوا إِلَي الَّذِينَ ظَلَمُوا فَتَمَسَّکمُ النَّارُ )، منداڵەکانت بەپارەی حەرام پەروەردە مەکەن !!
لێدان و شەق وەشاندن و ئیهانەکردنی خەڵک و میللەتی خۆت تاوانەو پەڵەیەکی ڕەشی مێژوییە !!.
٣- داوا لەهەر سێ سەرۆکایەتیەکە دەکەین بەزۆترین کات بێنە سەر خەت و مافی تەواوی قوتابیانی ئازیز دابین بکەن و خزمەتگوزارییەکان پێشکەش بە قوتابیان بکەن!! زۆر لە قوتابیان نەکەن باوەزعەکە لەدەست نەچێت و لە دوای تەواوی پرۆسەکە لەدەست بدەن !! پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم ئەفەرموێ :
اللهم من ولي من أمر أمتي شيئاً فشق عليهم فاشقق عليه، ومن ولي من أمر أمتي شيئاً فرفق بهم فارفق به
کۆمەڵێک لەمامۆستایانی ئایینی هەرێمی کوردستان بەشێکیان لەخوارەوە ناومان هاتوەو بەشێکی تریشیان لەڕێی گەیشتنی بەیاننامەکە ناویان تۆمار دەکەن.
Your Comment