بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەزارەتی دەرەوەی رووسیا راگەیێندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاشکرای کرد سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، لەگەڵ ئیلهام ئەحمەد، سەرۆکی جێبەجێکاری مەسەدە لە مۆسکۆ کۆ بووەتەوە.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا هاتووە، باس لە رەوشی سووریا کرا و تیشک خرایە سەر رەوشی باکووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە. بایەخی تایبەتیش بە پرسی کاراکردنی چارەسەری سیاسی لە سووریا لەسەر بنەمای بڕیاری 2254ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی درا.
هەروەها بەگەڕخستنەوەی ئابوورییەکەی و لایەنی کۆمەڵایەتی و گەڕانەوەی پەنابەران و ئاوارەکان و پێشکەش کردنی هاوکاری مرۆیی بۆ ئەوانەی پێویستیان پێیەتی.
لە بەیاننامەکەدا هەروەها ئاماژە بەوەکراوە لایەنی رووسی جەختی لە ئامادەیی خۆی کردووەتەوە بۆ بەردەوامیدان بە هەوڵەکانی بۆ هاوکاری کردن لە گەیاندنی سوورییەکان بە رێککەوتن بە شێوەی جیاجیا لەپێناو گەڕاندنەوەی سەروەریی و یەکپارچەیی خاکی سووریا بەگشتی و بە خێراترین شێوە، هەروەها گەرەنتی کردنی مافە رەواکان بۆ هەموو گرووپە نەتەوەیی و ئایینییەکان لە وڵاتەکەدا.
لە راگەیێندراوەکەدا باس لەوەش کراوە کە میخائیل بۆگدانۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی رووسیا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لەگەڵ ئیلهام ئەحمەد کۆبووەتەوە و گفتوگۆیان لەسەر رەوشی سووریا کردووە.
سەرچاوە: تۆڕی میدیایی ڕووداو
Your Comment