بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە ڕاگەیەندرواوەکەی ئەدهەم بارزانیدا هاتووە: "ئەو دیمەنە تراژدی و خەمبارانەی لە ڕۆژانی دواییدا، دەربارەی ئاوارەیی و کۆچبەربوونی هاوڵاتیانمان بە ھەزاران، لە ناو دارستانە سارد و قوڕاویەکان و بێ بەزەیی و بێباکیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بێ پەنا مانەوەیان، لە سەر سنوورەکانی یەکتی ئەورووپا، لە راگەیاندنەکان بڵاو کرانەوە، لە ناخەوە نیگەران و خەمباریان کردم".
لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەدهەم بارزانیدا هەروەها هاتووە "بەهەموو بڕوامەوە لەگەڵ ئەوەدام کە دەبێ لاوانی کوردستان، کەشێکی ئابووری و ژیانێکی شایستە و سەربەرزانەی وایان بۆ دەستەبەر بکرێ، کە بە بڕوا و لەخۆبووردنەوە هەموو زانست و ئەزموون و وزەی تەمەنیان، بخەنە خزمەتی ئاوەدانی و پێشخستی کوردستان، دوارۆژی خۆ و نەوەکانی داهاتوویان لەسەر ئەم ئاو و خاکە بنیات بنێن.
بارزانی دەشڵێت: دەبێت پلانی ڕاست و سازوکارێکی دادپەروەرانەی وەها ڕەچاو بکرێ کە ئەم جیاوازیە لە نێوان پلەدار و بەرپرس و دەولەتمەند و بێ درامەت و ھەژار و بێدەستەلاتەکان دا نەمێنێ و ڕێز لە کەسایەتی ھەر تاکێکی ئەم وڵاتە بە بێ جیاوازی بیرو ڕا بگیرێت، کە تاکی کورد بە هەموو چین و توێژەکانیەوە، جارێکی دیکە لەگەڵ مێژوو و سەروەری و ژیانی ئەم وڵاتە ئاشت ببێتەوە و نیشتیمانی خۆی لە هەموو جیهان و سەرزەمین و وڵاتی دیکە لەلا خۆشتر و ئارامتر و شیرینتر بێت".
ئەدهەم بارزانی دەشڵێت "بە پێچەوانە دوارۆژێکی نەخۆازراو چاوەروانی ھەموومانە".
Your Comment