بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پەیامێكی لەسەر كۆچی هاوڵاتیانی هەرێم بۆ هەندەران بڵاو كردەوە و دەڵێت: تکاتان لێدەکەم، نە بۆ من و نە بۆ هیچ کەسێکی تر، پەیوەندیی خۆتان لەگەڵ وڵاتەکەی خۆتان مەپچڕێنن، چوونکە ئێوە خاوەنی ئەو وڵاتەن خەڵکی تر خاوەنی نییە، وڵات هی کەس نییە هی ئێوەیە، بۆ کوێ دەچن؟
بارزانی كۆچبەران بە خاوەنی ئایندەی وڵات نادەبات و جەخت دەكاتەوە، كە سەرکردەی ئایندەی ئەم وڵاتە ئەوانن و دەشڵێت: هیچ وڵاتێک ناگاتە وڵاتی خۆت، دەبێت وەکوو دایک وڵاتەکەمان خۆشبوێت.
سەرۆكی حكوومەتی هەرێم لەو پەیامەیدا وتیشی: هیوادارم، پێش هەموو شتێک خۆشەویستیی خۆتان بۆ وڵاتەکەتان بە هیچ شتێکی دیکە نەگۆڕنەوە، زۆر گەشبینم بە داهاتووی کوردستان، هاووڵاتی خاوەنی ئەو وڵاتەیە، کێشەی ئێمە ئەوەیە زۆر جار کلتوورێک بڵاوکرایەوە کە بڵێن ئەو وڵاتە موڵکی کەسێکە و من گەنج و تۆی گەنج هیچ جێگەیەکمان لەو وڵاتەدا نییە و سەرهەڵگرە بڕۆ بۆ کوێ دەڕۆیو بڕۆ هیچ هەستی خۆشەویستی بۆ وڵات و خاک نەماوە و نەیانهێشت، ئەمە وایکرد کە ئەم هەستی نا ئومێدییە لە ناخی گەنجدا دروست ببێت.
Your Comment