بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فەرهاد شامی بەرپرسی ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هه‌سه‌ده دەڵێت: چه‌كدارانى سەر بەدەوڵەتی تورکیا لەناوچەکانی سەرێکانی، گرێ سپی و عەین عیسا بەدوای کاری تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕییەوەن و له‌به‌رامبه‌ریشدا سه‌رجه‌م هێزه‌كانى ئێمه ڕێوشوێن و ئامادەیی پێویستیان وەرگرتووە.
ناوبراو ئه‌وه‌شى ڕوونكردۆته‌وه: "لەکاتژمێرە سەرەتاییەکانی ئێوارەی ڕۆژى 8ى تشرینی دووەمی 2021 جموجوڵی تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕانەى چەکدارانی سەربە تورکیا لەبەرەکانی شەڕ لەو ناوچانه هەبوو، هەر ئەو جموجوڵە نائاساییەش لە ناوچەکانی دەوروبەری منبجدا هەبووە.
فەرهاد شامی جه‌ختی كردۆته‌وه، "لەو چوارچێوەیەدا سەدان چەکدار و سەربازی تورکیا زرێپۆشەکانیان لە خاڵەکانی شەڕی ناوچە ناوبراوەکاندا جێگیرکران و چەندین جار هەوڵیاندا هێزەکانمان بورووژێنن، بەتایبەتی لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای شارۆچکەی عەین عیسا، تائێستاش هێزەکانمان خۆیان ڕاگرتووە و بەپێی ڕێکەوتنی کەمکردنەوەی شەڕ هەڵسوکەوت دەکەین و لەلایەکی دیکەشەوە ئامادەین بۆ هەر دۆخێکی نائاسایی".
ئه‌و به‌رپرسه‌ى هه‌سه‌ده باسى له‌وه‌ش كردووه، "ئه‌م جموجوڵه‌ى توركیا و چه‌كداره‌كانى له‌كاتێكدایه، هێزەکانمان لەقۆناغی ئازاد کردنی چەندین ناوچە و گەلانن لەدەستی داعش، هەزاران شەهید و بریندارماندا، بۆیه ده‌بێت توركیا و چه‌كداره‌كانى باش بزانن، پاراستنی ئەو ناوچانە ئەرکێکی سەرەکی و مێژوییە بۆ هێزەکانمان، هێزەکانمان هیچ دوودڵییەکیان لە پاراستنی ئەو ناوچانە و قوربانیدان بۆیان نییە".
فەرهاد شامی ته‌ئكیدی كردۆته‌وه، "لەو چوارچێوەیەدا ئێمە هەڵوێست و پشتیوانیی دانیشتوان و هاوڵاتییانی خۆمان لە تەبقا، ڕەقە، منبج، دێرەزۆر و هەموو باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەنرخ دەزانین، کە لەلایەن هێزەکانمانەوە ڕزگارکراون و لەچوارچێوەی هه‌سه‌ده‌دا پشتگیریی لە ڕۆڵەکانیان دەکەین، دا‌واشیان لێدەکەین گوێ لەو دەنگۆو درۆیانە نەگرن، کە لەلایەن هەندێک لایەنەوە بڵاو دەکرێنەوە و تەنها بڕوا بەسەرچاوە فەرمییەکان بکەن".
Your Comment