عەلی باباجان: کێشەی کورد لە تورکیا بە نکۆڵیکردن چارەسەر ناکرێت

بەشی تورکیا- سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن "دێڤا" رایگەیاند، لە تورکیا "کێشەی جیدیی کورد" هەیە، بەڵام بە نکۆڵیکردن ناگەنە چارەسەر. سەرەتا دەکرێ دان بە کێشەکە بنرێت و دەستنیشان بکرێت، ئینجا هەوڵی چارەسەرکردنی بدرێت.

کوردپرێس:

عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دێڤا، لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤزیۆنیدا سەبارەت بە کێشەی کورد لە تورکیا بۆچوونی خۆی ئاشکراکرد و رایگەیاند: "خودی دەسەڵات رێگە بە چارەسەرکردنی کێشەی کورد نادات. ئەردۆغان و هاوبەشەکەی باخچەلی لە گوتارەکانیاندا جیاکاری لەنێوان هاووڵاتیاندا دەکەن، لە کاتێکدا ئێمە بەڵێنی یەکسانیمان داوە لەنێوان هاووڵاتیان. پێمانوایە هاووڵاتییان لە ماف و ئازادییەکان یەکسانن و نابێت جیاکاری بکرێت".

باباجان راشیگەیاند، درێژەدان بەم سیاسەتە کاریگەری دەخاتە سەر مان و نەمانیان. دەبێ سەرجەم چین و توێژەکان بەهەموو جیاوازییەکانەوە لە ئامێز بگرن، بەڵام ئەو سیستەمەی ئێستا کە سەرۆکایەتیی پێدەگوترێت، پشێوی زۆری ناوەتەوە و سیستەمێکی سەیرو سەمەرەیە و سەرۆککۆمار کە پێویستە سەرۆکی 84 ملیۆن هاووڵاتی بێت، زمانی جیاکاری و پشتگوێخستن بەکاردەهێنێت بەهۆی ئەوەی سەرۆککۆمار لایەنگر و سەرۆکی پارتێکی سیاسییە.

عەلی باباجان، ئاماژەی بە کێشەی کورد لە تورکیا دا و گوتی: "ئەمڕۆ لە پەرلەمانی تورکیا، پەرلەمانتارێکی کورد، دوو وشە بە زمانی کوردی قسە بکات، لە رەشنووسی تۆمارکراوی کۆبوونەوەدا دەنووسرێت، ئەم پەرلەمانتارە بە زمانێکی نەناسراو قسەی کردووە. بۆیە لەم وڵاتەدا کێشەی زۆر هەن و دەسەڵاتیش چیدی توانای چارەسەرکردنی نەماوە بەتایبەتی کێشەی کورد. ئەوان دەڵێن شتێک نییە لە تورکیا بەناوی کێشەی کورد، ئێمە ئەو پرسەمان تێپەڕاندووە، لە کاتێکدا ئەم پرسە زۆر قووڵە".

سەرۆکی پارتی دێڤا کێشەی کورد لە تورکیا بە "کێشەیەکی جیدی" ناوبرد و گوتی: "رەنگە بەشێک لە هاووڵاتیان درک بەم راستییە نەکەن، بەڵام ئێمە کە بەردەوام لە ناوچە زۆرینە کوردنشینەکاندا دەگەڕێین و بەتایبەت لەگەڵ گەنجان کۆدەبینەوە و گوێیان لێدەگرین، پێماندەڵێن کە کێشەکانیان جیدین و پێویست بە چارەسەر دەکات".

سەبارەت بە چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە تورکیا، باباجان دەڵێت: "سەرەتا پێویستە دان بە بوونی کێشەکان ببنێن و قبووڵی بکەین بۆ ئەوەی چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە. زمانی نکۆڵیکردن کە ئەردۆغان و باخچەلی بەکاری دەهێنن، هیچ ئەنجامێکی نابێت. هیچ کاتێک کێشەکان بەمشێوەیە چارەسەر ناکرێن. پزیشک نەخۆشییەکە دەستنیشان نەکات، چۆن دەتوانێت چارەسەری نەخۆش بکات؟".

ئەو قسانەی باباجان لە کاتێکدان رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، کە لە هەمانکاتدا سەرۆکی گشتیی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی)یە، لە ماوەکانی رابردوودا گوتی لە تورکیا شتێک بەناوی کێشەی کورد نەماوە و ئەو کێشەیەیان چارەسەرکردووە.

News Code 4010

Your Comment

You are replying to: .
captcha