به‌غدا و هه‌ولێر خۆیان له‌ جێبه‌جێ‌کردنی ده‌ستووری عێراق ده‌دزنه‌وه‌

به‌شی دیمانه‌/ عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ڕابوون مه‌عرووف سه‌رۆکی فراکسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ کوردپرێسی وت: "له‌ به‌غداد ئاراسته‌یێکی قه‌ومی به‌ھێز ھه‌یه‌ که‌ دژی ھه‌موو مافێکی ڕه‌‌وای گه‌لی کوردستانه‌ و له‌ به‌رانبه‌ردا حکوومه‌تی ھه‌رێمیش خۆی له‌ جێبه‌جێ کردنی ئه‌و ماددانه‌ی ده‌ستووردا ده‌دزێته‌وه‌ که‌ ھه‌رێم مولزه‌م ده‌کات به‌ شه‌فافییه‌ت و شه‌راکه‌ت له‌ داھاته‌کان، به‌تایبه‌تی داھاتی نه‌وت و گاز."

کوردپرێس: گۆڕانکارییه‌ سیاسی، ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان له‌ ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا به‌ستێنی بۆ سه‌رهه‌ڵدانی جووڵانه‌وه‌یێکی سیاسیی نوێ ڕه‌خساند که‌ به‌ بۆنه‌ی ناکارامه‌ییی دیالۆگی ئۆپۆزیسیۆنی کلاسیک توانیی به‌ وه‌ده‌ستهێنانی ده‌نگێکی به‌رچاو له‌ دوو هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و هه‌رێمی کوردستان له‌ ئه‌مساڵدا ده‌ستپێکێکی جیدی بۆ ئاراسته‌کردنی دیالۆگی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی خۆی له‌ ئاستی عێراق و هه‌رێمی کوردستان هه‌بێت. "نه‌وه‌ی نوێ" به‌ سه‌رکردایه‌تیی شاسوار عه‌بدولواحید به‌ دروشم و به‌رنامه‌گه‌لێک که‌ هه‌ندێک ئه‌و به‌رنامانه‌ به‌ ئارمانج‌گه‌رایانه‌ ده‌زانن ئامانجی دواییی خۆی ئه‌نجام‌دانی گۆڕانکاریی ڕیشه‌یی له‌ سیاسه‌ت، ئابوور و له‌ ئه‌نجامدا سه‌روه‌ریی هه‌رێمی کوردستان و په‌یوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ به‌غدا و کۆمه‌ڵگای جیهانی ڕاگه‌یاندوووه‌.

کوردپرێس دیمانه‌یێکی تێر و ته‌سه‌لی له‌گه‌ڵ دوکتۆر ڕابوون مه‌عرووف سه‌رۆکی فراکسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئه‌نجام داوه‌ و هه‌وڵی داوه‌ که‌ هه‌ڵوێست، به‌رنامه‌ و سیاسه‌تی ئه‌و جووڵانه‌وه‌ بۆ به‌رده‌نگان بخاته‌ڕوو.

دوکتۆر ڕابوون مه‌عرووف له‌ دیمانه‌که‌ی له‌گه‌ڵ کوردپرێس ڕه‌خنه‌یێکی توندی له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی کوردستان به‌تایبه‌ت دوو حیزبی پارتی و یه‌کێتی و حکوومه‌تی ئیتیحادی گرتوووه‌ و باسی له‌ دیالۆگێکی نوێ له‌ گۆڕه‌پانی سیاسیی عێراق کردوووه‌ که‌ نه‌وه‌ی نوێ پێشه‌نگی ئه‌و بابه‌ته‌یه‌.

ده‌قی دیمانه‌که‌:

کوردپرێس: کارنامه‌‌ی فراکسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ وه‌کوو یه‌که‌م ئه‌زموونی کاری په‌رله‌مانتاری له‌ به‌غدا چییه‌، کرۆکی سیاسه‌ت و کارنامه‌ی کاریتان چییه‌؟

دوکتۆر ڕابوون مه‌عرووف: کارنامه‌ی نه‌وه‌ی نوێ له‌ په‌رله‌مانی به‌غداد چه‌ند لایه‌نێکی ھه‌یه‌: له‌لایێکه‌وه‌ به‌وھۆیه‌وه‌ که‌ دیدی ئێمه‌ بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی گه‌لی کوردستان له‌ حیزبه‌ ته‌قلیدییه‌کانی کورد، به‌ تایبه‌تی پارتی و یه‌کێتی جیاوازه‌، ئێمه‌ بۆ یه‌که‌مجار وه‌ک هێزێک له‌ کوردستانه‌وه‌ سه‌ربه‌خۆ و دوور له‌ ڕیزی حیزبه‌ ته‌قلیدییه‌کان کار ده‌که‌ین به‌ دیدێکی نوێوه‌ چالاکی سیاسی و په‌رله‌مانی بکه‌ین و نوێنه‌رایه‌تی دۆزی ڕه‌وای گه‌لی کوردستان و کێشه‌کانیان بکه‌ین.

گرنگترین کێشه‌کان که‌ ھه‌ر ئێستا له‌سه‌ری ڕاده‌وه‌ستین بریتین له‌: دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێکی بنه‌ڕه‌تی بۆ قه‌یرانی داراییی ھه‌رێم و کێشه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم و ھه‌روه‌ھا کێشه‌ی ھێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ و پاشان کێشه‌ له‌ مێژینه‌کانی نێوان گه‌لی کوردستان و حکوومه‌ته‌کانی به‌غداد به‌ تایبه‌تی کێشه‌ی ناوچه‌ کێشه‌ له‌سه‌ره‌کان به‌تایبه‌تی که‌رکووک و بۆ چاره‌سه‌ری ھه‌موو ئه‌و کێشانه‌ ئێمه‌ بانگه‌واز بۆ ڕێککه‌وتنێکی ھه‌مه‌لایه‌ن و شه‌فاف ده‌که‌ین له‌ نێوان حکوومه‌تی ئیتیحادی و ھه‌رێم له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عێراقی.

گرنگه‌ سه‌رنجتان بۆ ئه‌وه‌ ڕابکێشم که‌ تا ئێستا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی حکوومه‌تی ئیتیحادی خۆی له‌و به‌نده‌ ده‌ستووریانه‌ دزیوه‌ته‌وه‌ که‌ په‌یوه‌ندییان به‌ کێشه‌ی ھه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ ھه‌یه‌، له‌ ھه‌مان کاتدا پارتی و یه‌کێتیش، که‌ ده‌ستیان به‌ سه‌ر حکوومه‌تی ھه‌رێمدا گرتوووه‌ ڕازی نیین به‌شێک له‌ به‌نده‌کانی ده‌ستوور له‌ په‌یوه‌ند به‌ شه‌فافییه‌ت له‌ داھاته‌کانی نه‌وت و گومرگه‌کان و دابه‌ش کردنی ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی ئیتیحادی جێبه‌جێ بکه‌ن.

کوردپرێس: نه‌وه‌ی نوێ له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنییه‌وه‌ به‌ ڕه‌خنه‌گرتن له‌ سیاسه‌ت و کارنامه‌ی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیسیۆنی هه‌رێمی کوردستان له‌ به‌غدا هاته‌ مه‌یدانه‌وه‌، جیاوازیی کاری و به‌رنامه‌ی ئێوه‌ له‌گه‌ڵ دیکه‌ی لایه‌نه‌کان چییه‌؟

دوکتۆر ڕابوون مه‌عرووف: خاڵی بنه‌ڕه‌تی له‌ ڕه‌خنه‌ی ئێمه‌ له‌ حیزبه‌کانی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیسیۆن ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌و حیزبانه‌ ھه‌موویان سه‌ر به‌ قوتابخانه‌ی سیاسی کوردایه‌تین وه‌ک ڕێبازێکی سیاسی و ئایدیۆلۆجی که‌ ته‌مه‌نی ده‌یان ساڵه‌ و سه‌ره‌ڕای جیاوازیی ڕووکه‌ش، له‌ ناوه‌ڕۆکدا سه‌ر به‌ یه‌ک ھێڵی سیاسیی ئایدیۆلۆجین و ئه‌مه‌ش وای کردوووه‌ که‌ ھه‌میشه‌ له‌ به‌غداد یه‌کڕیز و ته‌بان و پێکه‌وه‌ به‌شێکن له‌و ململانێی قه‌ومی و مه‌زھه‌بییه‌ی عێراقی به‌م دۆخه‌ی ئێستا گه‌یاندوووه‌. له‌ به‌غداد چاو له‌ یه‌کتری ده‌پۆشن و عه‌یب و عاری یه‌کتری ده‌شارنه‌وه‌ به‌ڵام ئێمه‌ به‌شێک نین له‌ ململانێی قه‌ومی و تائیفی و دژی ھه‌موو ئه‌و ئاراسته‌ ترسناکانه‌ین چ له‌ کوردستان و چ له‌ به‌غداد. ئێمه‌ له‌ به‌غداد له‌ دۆست ده‌گه‌ڕێین که‌ پشتیوانیمان بکه‌ن ھه‌م بۆ چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی کێشه‌ی کورد و ھه‌م بۆ دیموکراتیزه‌کردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌ ھه‌رێم و نه‌ھێشتنی ھێزی چه‌کدار و ده‌زگای ئاسایشی حیزبی و چه‌سپاندنی حوکمی یاسا.

کوردپرێس: له‌ ئێستادا ئه‌و ته‌حه‌دیاتانه‌ چین که‌ له‌ به‌غدا ڕووبه‌ڕووی کورد بوونه‌ته‌وه‌ و ڕێکاره‌کان بۆده‌ربازبوون لێیان چییه‌؟

دوکتۆر ڕابوون مه‌عرووف: گرنگترین ته‌حه‌دا له‌ ئێستادا جێبه‌جێ نه‌کردنی ئه‌و به‌ندانه‌ی ده‌ستووره‌ که‌ ڕێگه‌ ده‌که‌نه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی نێوان ھه‌رێم و به‌غداد. له‌م کێشه‌یه‌شدا ھه‌م حکوومه‌ته‌ یه‌ک له‌ دوای یه‌که‌کانی به‌غداد و ھه‌م حکوومه‌ته‌که‌ی پارتی و یه‌کێتی به‌رپرسن. ھه‌ردوولا خۆیان ده‌دزنه‌وه‌ له‌ جێبه‌جێ کردنی ئه‌و ئیلتیزاماتانه‌ی، به ‌گوێره‌ی ده‌ستور، ده‌که‌وێته‌ ئه‌ستۆیان. چاره‌سه‌ری ئه‌وه‌ش فشاری ھه‌مه‌ لایه‌نی ناخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌ بۆ سه‌ر ھه‌ردووک حکوومه‌تی ئیتیحادی و حکوومه‌تی ھه‌رێم، بۆ گه‌یشتن به‌ ڕێککه‌وتنێکی ھه‌مه‌لایه‌نی شه‌فاف له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عێراقی که‌ ھه‌ردوولا مولزه‌م بکرێن به‌ جێبه‌جێ کردنی ماده‌کانی ده‌ستوور.

کوردپرێس: به‌ بڕوای جه‌نابتان ده‌بێ ئه‌وله‌ویاتی کورد له‌ به‌غدا چی بێت، بودجه‌، پێشمه‌رگه‌، ماده‌ی 140، یاسای نه‌وت و گاز یان چی؟

دوکتۆر ڕابوون مه‌عرووف: له‌م قۆناغه‌دا ئه‌وله‌وییه‌تی ھه‌موان پێویسته‌ چاره‌سه‌ری ھه‌ر ئێستای قه‌یرانی دارایی و کێشه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی ھه‌رێم بێت، چوونکه‌ په‌یوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆی به‌ ژیانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵکه‌وه‌ ھه‌یه‌. دواتر جێبه‌جێ کردنی ئه‌و مادانه‌ی ده‌ستوور که‌ ھه‌موو ئه‌و کێشانه‌ چاره‌سه‌ر ده‌کات.

کوردپرێس: بۆ به‌شه‌بودجه‌ی هه‌رێمی کوردستان، ئێوه‌ چ داواکارییێکتان هه‌یه‌ و پێتانوایه‌ بۆچی له‌ 17 له‌سه‌د بۆ 12 له‌سه‌د که‌م کرایه‌وه‌. کێ به‌رپرسیاره‌؟

دوکتۆر ڕابوون مه‌عرووف: ئێمه‌ به‌ ڕاشکاوی بۆ که‌م کردنه‌وه‌ی به‌شی ھه‌رێم له‌ له‌سه‌دا 17ه‌وه‌ بۆ له‌سه‌دا 12 و شتێک زیاتر، ھه‌ردووک حکوومه‌تی ئیتیحادی و ھه‌رێم به‌ به‌رپرس ده‌زانین.

له‌ به‌غداد ئاراسته‌یێکی قه‌ومی به‌ھێز ھه‌یه‌ که‌ دژی ھه‌موو مافێکی ڕه‌وای گه‌لی کوردستانه‌ و حکوومه‌تی ھه‌رێمیش خۆی له‌ جێبه‌جێ کردنی ئه‌و ماددانه‌ی ده‌ستووردا ده‌دزێته‌وه‌ که‌ ھه‌رێم مولزه‌م ده‌کات به‌ شه‌فافییه‌ت و شه‌راکه‌ت له‌ داھاته‌کان به‌تایبه‌تی داھاتی نه‌وت و گاز.

کوردپرێس: سه‌باره‌ت به‌ ماده‌ی 140 و ناوچه‌ کێشه‌ له‌سه‌ره‌کان ڕوانگه‌ و به‌رنامه‌ی نه‌وه‌ی نوێ چییه‌؟

دوکتۆر ڕابوون مه‌عرووف: ئێمه‌ به‌ گشتی له‌گه‌ڵ جێبه‌جێ کردنی ده‌ستوورداین و ده‌بێت ھه‌موان ڕێز له‌ ماده‌کانی ده‌ستوور بگرن. ده‌ستووری عێراقی بنه‌مای چاره‌سه‌ری بۆ بابه‌تی ناوچه‌ کێشه‌ له‌سه‌ره‌کان داڕشتوووه‌ و پێویسته‌ ھه‌موان ڕێزی لێ بگرن و حکوومه‌تی ئیتیحادی ماده‌ی 140 جێبه‌جێ بکات.

ھه‌روه‌ھا ئێمه‌ به‌لامانه‌وه‌ گرنگه‌ که‌ دانیشتوانی ناوچه‌ کێشه‌ له‌سه‌ره‌کان به‌ ھه‌موو پێکھاته‌کانه‌وه‌ نه‌بنه‌ قوربانی ململانێی سیاسی و قه‌ومی و پێمانوایه‌ تا چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی بۆ ئه‌و کێشه‌یه‌، ناوچه‌کانی ماده‌ی 140 بخرێنه‌ ژێر حیمای دوه‌لی.

کوردپرێس: دوو لایه‌نی پارتی و یه‌کێتی داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌کانیان بۆ که‌رکووک و دیکه‌ی ناوچه‌کانی ماده‌ی 140 ده‌که‌ن، نه‌وه‌ی نوێ داوای چ جۆره‌ گه‌ڕانه‌وه‌یێکی کورد بۆ ئه‌و ناوچانه‌ ده‌کات؟

دوکتۆر ڕابوون مه‌عرووف: ھه‌روه‌ک پێشتر وتم، ئێمه‌ بانگه‌واز بۆ حیمایه‌ی دوه‌لی ده‌که‌ین بۆ ناوچه‌کانی ماده‌ی 140ی ده‌ستووری عێراقی و پێمانوایه‌ ئاراسته‌ی قه‌ومی عه‌ره‌بی و پارتی و یه‌کێتی نه‌ک ھه‌ر ئه‌و کێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر ناکات به‌ڵکوو قووڵی ده‌کاته‌وه‌ و ئاڵۆزتری ده‌کات.

وجوودی ھێزی چه‌کداری حیزبی پارتی و یه‌کێتی له‌و ناوچانه‌ ھه‌نگاوێکی پۆزه‌تیڤ نابێت بۆ چاره‌سه‌ر به‌ڵام ھێزی نیشتیمانیی یه‌کگرتووی ڕاسته‌قینه‌ی ھه‌رێم، که‌ ئێستا به‌ھۆی سیسته‌می ھه‌ڵه‌ و خراپی پارتی و یه‌کێتییه‌وه‌ نیمانه‌، مافی ده‌ستوورییان ھه‌یه‌ ھاوبه‌ش بن له‌ پاراستنی ئاسایشی ئه‌و ناوچانه‌.

کوردپرێس: نه‌وت یه‌کێک له‌ کێشه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر له‌ ماوه‌ی 15 سالی ڕابردوودا بوووه‌، بۆچوونتان له‌ سه‌ر ئه‌ کێشه‌یه‌ و ڕێگاکانی چاره‌سه‌ر بوونی چییه‌؟

دوکتۆر ڕابوون مه‌عرووف: بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی داھاته‌کانی نه‌وت و گازیش ئێمه‌ دیسان داوای جێبه‌جێ کردنی ده‌ستووری عێراقی ده‌که‌ین. ھه‌رچه‌نده‌، حکوومه‌ته‌که‌ی پارتی و یه‌کێتی به‌ ناوی سه‌ربه‌خۆییی ئابووری به‌نده‌کانی ده‌ستوور سه‌باره‌ت به‌ شه‌فافیه‌ت و دابه‌ش کردنی داھاته‌کانی نه‌وت و گاز و گومرگه‌کان جێبه‌جێ ناکه‌ن. ئه‌مه‌ش به‌ کرده‌وه‌ قه‌یرانی دارایی و ئابووری له‌ ھه‌رێم دروست کردوووه‌ و حکوومه‌ت به‌شێکی زۆری مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی بڕیوه‌ و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ و پرۆژه‌کان په‌کیان که‌وتوووه‌ و ڕاوه‌ستاون.

ھه‌رچه‌نده‌ ئابووری سه‌ربه‌خۆ ده‌رگای بۆ گه‌نده‌ڵی سیسته‌ماتیک کردۆته‌وه‌ و مانگانه‌ به‌ ده‌یان ملیۆن دۆلار ده‌دزرێت و به‌ کرده‌وه‌ سه‌روه‌ت و داھاتی ھه‌رێم که‌وتوووه‌ته‌ ژێر ده‌ستی جووت بنه‌ماڵه‌ی حوکمڕان و ھه‌موو داھاتی ھه‌رێم له‌ تاریکیدا به‌ڕێوه‌ ده‌برێت.

له‌ کاتێکدا ئاراسته‌یێکی به‌ھێز له‌ به‌غداد دژی ھه‌ر جۆره‌ ده‌سه‌ڵاتێکه‌ بۆ ھه‌رێم، ئه‌م ئیداره‌ ناشه‌فافه‌ی حکوومه‌ته‌که‌ی پارتی و یه‌کێتی بۆ داھاته‌کانی نه‌وت و گاز بیانووی داوه‌ته‌ حکوومه‌تی ئیتیحادی تا بودجه‌ی ھه‌رێم ببڕێت و باجی ئه‌م دۆخه‌ش ته‌نھا خه‌ڵکی بێتاوانی ھه‌رێم ده‌یده‌ن. بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی داھاته‌کانی نه‌وت و گاز ده‌بێت کۆنترۆڵی پارتی و یه‌کێتی به ‌سه‌ر داھاته‌کانی نه‌وت و گازه‌وه‌ کۆتایی بێت و ماده‌کانی ده‌ستوور وه‌ک خۆیان جێبه‌جێ بکرێن.

کوردپرێس: نه‌وه‌ی نوێ به‌ دوای چ جۆره‌ پێوه‌ندییێکه‌ له‌ نێوان هه‌رێمی کوردستان و به‌غدا؟

دوکتۆر ڕابوون مه‌عرووف: ئێمه‌ دیفاع له‌ ڕێکخستنی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان ھه‌رێم و به‌غداد له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عێراقی ده‌که‌ین. ده‌بێت ھه‌م حکوومه‌تی ئیتیحادی و ھه‌م حکوومه‌تی ھه‌رێم ڕێز له‌ ده‌ستوور بگرن و مولزه‌م بن به‌ جێبه‌جێ کردنی ھه‌موو ماده‌کانی ده‌ستووره‌وه‌. ده‌بێت ئاشتی و ئارامی زاڵ بێت به‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌کانی ھه‌ولێر و به‌غداد و کێشه‌کان به‌ گفتوگۆ و لێکتێگه‌یشتن چاره‌سه‌ر بکرێن.

کوردپرێس: ئایا ئێوه‌ به‌شداریی حکوومه‌ت له‌ به‌غدا ده‌که‌ن یان نا؛ بۆچی؟

دوکتۆر ڕابوون مه‌عرووف: نه‌خێر ئێمه‌ به‌شداری کابینه‌ی حکوومه‌ت ناکه‌ین، چوونکه‌ پێمانوایه‌ تا ئێستاش ئاراسته‌ی زاڵ له‌ په‌رله‌مان و حکوومه‌تی ئیتیحادی ھه‌مان ئه‌و ئاراسته‌یه‌یه‌ که‌ عێراقی دوای که‌وتنی ڕژێمه‌که‌ی سه‌دامی وێران کرد و نامانه‌وێت شه‌ریکی وێرانکاری بن.

کوردپرێس: به‌شداریی دووباره‌ی پارتی و یه‌کێتی له‌ ده‌سه‌ڵاتی حکوومه‌تی ناوه‌ند چۆن لێک ده‌ده‌نه‌وه‌ و ئه‌مه‌ هه‌ڵگری چ په‌یامێکه‌؟

دوکتۆر ڕابوون مه‌عرووف: به‌شداریی پارتی و یه‌کێتی له‌ حکوومه‌تی ئیتیحادی ھه‌م مانای ئه‌وه‌یه‌ که‌ ھێشتا حکوومه‌ت له‌ به‌غداد به‌ ده‌ستی ئه‌و حیزبانه‌وه‌یه‌ که‌ عێراقیان به‌ ئه‌مڕۆ گه‌یاند و ھه‌م ئاماژه‌یێکی ئاشکراشه‌ که‌ پارتی و یه‌کێتی له‌گه‌ڵ دۆسێی سه‌ربه‌خۆیی ڕاستگۆ نه‌بوون و ته‌نھا له‌ دووی به‌رژه‌وه‌ندیی ته‌سکی حیزبی و بنه‌ماڵه‌یی وێڵن.

دیمانه‌: حه‌سه‌ن ساڵحی

داڕشتنه‌وه‌: به‌شی کوردیی هه‌واڵده‌ریی کوردپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 39804

Your Comment

You are replying to: .
captcha