حەلبووسی: بەئامانجکردنی ماڵی سەرۆکوەزیران هەڕەشەیە بۆ سەر عێراق

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی هاوپەیمانیی تەقەدووم رایگەیاند، ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ رووی دا و ماڵی سەرۆکوەزیران کرایە ئامانج، "هەڕەشەیێکی راستەقینەیە بۆسەر ئاسایش و سەقامگیریی عێراق".

کوردپرێس:

محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی هاوپەیمانیی تەقەدووم کە لە هەڵبژاردنی مانگی رابردووی پەرلەمانی عێراق هاوپەیمانییەکەی 37 کورسیی پەرلەمانی بردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە 07-11-2021 لە هەژماری خۆی لە تویتەر رایگەیاند، "ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ روویدا و ماڵی سەرۆکوەزیران کرایە ئامانج، هەڕەشەیێکی راستەقینەیە بۆسەر ئاسایش و سەقامگیریی عێراق؛ ئەو کارە رەتدەکەینەوە و نابەرپرسانەیە و هەوڵی نانەوەی پشێوی دەدات؛ بانگەوازی دڵسۆزانەمان بۆ هەمووان ئەوەیە کە بە جیددی کار بکەن بۆ پێنەدانی هەل بە دووژمنانی عێراق؛ هەروەها دەبێت هەوڵ بدرێت بۆ گەیاندنی نیشتمان بۆ کەناری ئارامی".

سەبارەت بە وردەکاریی هەوڵی کوشتنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند، "هەوڵی کوشتنەکە بە سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجامدرا؛ دوو لەو فڕۆکانە بەردرانەوە و فڕۆکەیەکیان ماڵی سەرۆکوەزیرانی کردە ئامانج؛ بەئامانجکردنەکەش بووە هۆی برینداربوونی چەند پاسەوانێکی سەرۆکوەزیران؛ لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوانیش دەستیپێکردووە".

هێرشەکەی سەر ماڵی مستەفا کازمی لە ناوچەی سەوز لە بەغدا بەرەبەیانی یەکشەممە 7ی تشرینی دووەمی 2021، دوای کاژێر 02:00 رووی دا، لە هێرشەکەدا کازمی سەلامەت بوو، چوونکە وەکوو لە راگەیاندنەکانی عێراق بڵاو بووەتەوە، بەر لە هێرشەکە ماڵەکەی جێهێشتبوو، بەڵام سێ لە پاسەوانەکانی بریندار بوون.

News Code 3977

Your Comment

You are replying to: .
captcha