عادل عه‌بدولمه‌هدی: په‌یوه‌ندییه‌کانمان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان پته‌وتر ده‌که‌ین

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆکوه‌زیرانی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد که‌ ئه‌مڕۆ مه‌سعوود بارزانی سه‌ردانی به‌غدا ده‌کات و زنجیره‌ کۆبوونه‌وه‌یێک ئه‌نجام ده‌دا و گوتیشی: "په‌یوه‌ندییه‌کانمان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان پته‌وتر ده‌که‌ین".

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌ گوتاری هه‌فتانه‌ی خۆیدا له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌ولێر و به‌غدا له‌ سه‌رده‌می حکوومه‌ته‌که‌یدا ڕای‌گه‌یاند: "هه‌رێمی کوردستان به‌شێکه‌ له‌ عێراق و په‌یوه‌ندیمان به‌هێز بێت بۆ هه‌ردوولا باشتر ده‌بێت".

عادل عه‌بدولمه‌هدی ئاماژه‌ی به‌ سه‌ردانه‌که‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 22ی تشرینی دووهه‌می 2018ی مه‌سعوود بارزانی بۆ به‌غدا کرد و ڕای‌گه‌یاند که‌ پێشوازی له‌ مه‌سعوود بارزانی ده‌کات و چه‌ند پرسێک تاوتوێ ده‌که‌ن.

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد: "بارزانی له‌ کاتی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقدا له ‌سه‌رده‌می حکوومه‌تی به‌عس ڕۆڵێکی کاریگه‌ری هه‌بوووه‌".

سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق له‌ به‌شێکی دیکه‌ی لێدوانه‌که‌یدا هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌شی كرد که‌ "ئه‌گه‌ر زانیاریی ته‌واو له‌سه‌ر بازرگانی كردن به‌ پۆسته‌ حكوومییه‌كان له‌لایه‌ن كوتله‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌ به‌ده‌ست گه‌یشت، له ‌ماوه‌ی ته‌نیا چه‌ند كاتژمێرێكدا ڕێككاری پێویست ده‌گرێته‌به‌ر".

ناوبراو گوتی: "هه‌فته‌ی داهاتوو یاخود هه‌فته‌ی دواتر پڕۆژه‌ی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی ده‌خاته‌ ڕوو و ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ خاڵ له‌سه‌ر پیته‌كان داده‌نێت ئه‌مه‌ش وه‌ک ئاماژه‌یێک بۆ به‌دواداچوونێكی ورد بۆ دۆسییه‌كانی گه‌نده‌ڵی و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و گرتنه‌به‌ری ڕێككاری پێویست بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ و بنبڕكردنی ئه‌و دیارده‌یه‌."

شایانی باسه‌؛ ماوه‌یێكه‌ باس له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ كوتله‌ سیاسییه‌كان كڕین و فرۆشتن به‌ پۆسته‌ حكوومییه‌كانه‌وه‌ ده‌كه‌ن و بۆ هه‌ر پۆستێک ملیۆنه‌ها دۆلاری ئه‌مه‌ریكی دیاری كراوه‌ و له‌ دوایین زانیاریشدا له‌مباره‌یه‌وه‌ ڕیاز مه‌سعوودی په‌رله‌مانتاری هاوپه‌یمانیی چاكسازی و بونیادنانه‌وه‌ ئاشكرای كرد كڕین و فرۆشتنی پۆسته‌ حكوومییه‌كان له‌ نێوان كوتله‌ سیاسییه‌كانی عێراق بوووه‌ته‌ پرۆسه‌یێكی به‌ربڵاو و 600 پۆستی حكوومی له نێوان كوتله‌ سیاسییه‌كان و حزبه‌كان بۆ كڕین و فرۆشتن به‌ ملیاره‌ها دۆلار به‌ كه‌سانی ناشاره‌زا نمایش كراون وێڕای ده‌سته‌به‌ركردنی پارێزبه‌ندی په‌رله‌مانی بۆ ئه‌و كه‌سانه بۆ ئه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵییه‌كانیان ئاشكرا نه‌بێت."

سه‌رچاوه‌: میدیاکانی هه‌رێمی کوردستان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 39768

Your Comment

You are replying to: .
captcha