دادگای تورکیا سزای بەسەر پەرلەمانتارێکی مانگرتووی هەدەپە سەپاند

بەشی تورکیا- بەرپرسانی زیندانی ئامەد سزای دیسپلینیان بەسەر لەیلا گوڤەن هاوسەرۆکی کەجەدە و پەرلەمانتاری هەدەپەی جۆلەمێرگدا سەپاند، کە لە زیندانی ئامەد ماوەی ١٤ ڕۆژە لە مانگرتندایە.

کوردپرێس:

ماوەی ١٤ ڕۆژە، لەیلا گوڤەن هاوسەرۆکی کۆنگرەی جڤاکی دیموکراتیک (کەجەدە) و پەرلەمانتاری هەدەپەی جۆلەمێرگ بۆ ئیدانەکردنی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری پەکەکە، لە زیندانی جۆری ئیی ئامەد دەستی بە مانگرتنی بێسنوور کردووە.

دوای ئەوەی گوڤەن دەستی بە چالاکییەکەی کرد بەرپرسانی زیندانی جۆری ئیی ئامەد دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد لەگەڵیدا و لەبری جێبەجێکردنی داواکەی سزای دیسپلینیی(پێشێلکردنی یاسا)یان بەسەردا سەپاند.

بەرپرسانی زیندان لە لێکۆڵینەوەکانیاندا داوایان لە گوڤەن کردبوو بەرگری لە خۆی بکات، گوڤەنیش لە بەرگرییەکەیدا باسی لەوە کردبوو، "ئۆجالان هەوڵ دەدات قورسترین کێشەی ئەم وڵاتە، کە کێشەی کوردە لە رێگەی دیموکراسییانە و ئاشتییانەوە چارەسەر بکات، بەڵام ئێوە ماوەیێکی دوور و درێژە سزای گۆشەگیرکردنتان بە سەریدا سەپاندووە".

گوڤەن ئاماژەی بەوەشداوە "من پەرلەمانتارێکم و لەلایەن گەلەوە هەڵبژێردراوم بۆ ئەوەی داکۆکی لە ئاشتیی کۆمەڵایەتی بکەم و بەرپرسیارێتییەکەم جێبەجێ بکەم، بۆ ئەوەی گۆشەگیریی سەر ئۆجالان نەمێنێت و هەلومەرجی کۆتایی هاتن بە شەڕ بئافرێنرێت دەبێت ئۆجالان بتوانێت چاوی بە بنەماڵەکەی و پارێزەرەکانی بکەوێت، من پەرلەمانتاری گەلم و قسەم لەسەر ئەو بابەتانە کردووە و بە ئیرادەی ئازادی خۆم دەستم بە مانگرتن کردووە، بە بڕوای من ئەوە ئەرکێکی مرۆیی و ئەخلاقییە، هەروەها دەمەوێت بڵێم، چالاکییەکەم زیانی بۆ ئیدارەی زیندانەکە و رای گشتی نابێت و چالاکییەکەم تاوان نییە".

بەرپرسانی زیندانەکەش باسیان لەوە کردووە "لەڕێگەی مانگرتنەوە ئاسایش و ئارامیی زیندان لاواز دەکەیت" و بۆ ئەوەش سزای دیسیپلینیان بەسەردا سەپاند و بەپێی سزاکە لە مانگێک بۆ ٣ مانگ ناتوانێت بەشداریی چالاکییەکان بکات، بەڵام لەبەر ئەوەی پێشتریش سزای لەو جۆرە بەسەر لەیلا گوڤەن دا سەپێنرابوو ئەمجارە "سزاکەی بڕینی مووچەی مانگێکی کارەکەی دەبێت و لە مووچەکەی بێبەش دەکرێت".

*لە شارپرێس وەرگیراوە

News Code 39767

Your Comment

You are replying to: .
captcha