حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستگیر کردنی گرووپێک لە جوولەکەکان ڕەت دەکاتەوە کە بەنیاز بوون داخڵی ئێران ببنەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- گرووپێک لە جوولەکەی هۆزی "لیف تاهور" دێنە هەرێمی کوردستان و دواتر بەجێدەهێڵن، میدیاکانی ئیسرائیل حکوومەتی هەرێم تۆمەتبار دەکەن بەوەی هەندێک لە ئەندامانی ئەو گروپەی گرتووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ماڵپەڕی زەمەن پرێس ڕایگەیاند میدیاکانی ئیسرائیل و ئەو میدیانەشی گرنگی دەدەن بە کاروباری جوولەکەکان بڵاویانکردەوە کە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان هەوڵێکی گەشت کردنی هۆزی "لیف تاهور"یان بۆ ئێران پووچەڵ کردوەتەوە و دەستگیریان کردوون و رەوانەی تورکیای کردونەتەوە و لەوێشەوە بۆ رۆمانیا نێردراون.

لەو بارەیەوە سەفین دزەی، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان رەتیکردوەتەوە ئەو گرووپە جوولەکە دەستگیرکرابن و وتی: "ئەندامانی ئەو گرووپە 50 بۆ 60 کەس بوون و ژن و منداڵیان تێدا بووە و بە پاسپۆرتی کەنەدا و ئەمریکاوە هاتووەتە هەولێر و کەمتر لە هەفتەیەک ماونەتەوە و دواتر بەجێیانهێشتووە و چوونەتە تورکیا".

سەفین دزەی ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو جوولەکانە بە فرۆکە هاتوون و بە فرۆکەش هەولێریان بەجێهێشتووە. رەتیکردووەتەوە ئەندامانی ئەو گرووپە دەستگیرکرابن یاخود دیپۆرت کرابن.

دزەی، باسی لەوە کردووە ئەوان نازانین ئامانجی ئەو گرووپە لەسەردانەکەیان بۆ هەرێم چیە و ئاگاداریش نین بەرنامەیان هەبووبێت بچنە ئێران یاخود وڵاتێکی دیکە.

"لیفی هاتور" واتە "دڵی پاک" ئەم هۆزە تەفسیری تایبەت و جیاوازیان بۆ ئاینی جوولەکە هەیە و بەلای ئیسرائیلیەکانەوە دیندارییەکەیان نامۆیە، ماوەی نزیکەی 40 ساڵ دەبێت ئەم گرووپە بەشوێن پەناگەیەکدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی بە ئارامی دینداری خۆیانی تێدا بکەن.

میدیای ئیسرائیلی گرووپی " دڵی پاک" بە تالیبانی جوولەکە ناو دەبەن.

News Code 3971

Your Comment

You are replying to: .
captcha