بەپێی هەواڵی کوردپرێس، حاكم قادر حەمە جان ئەندامی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لەمیانەی كۆبوونەوەی لەگەڵ كای ڤالیتا جێگری كونسوڵی ئەڵمانیا و وەفدێكی هاوڕێی وتی: "یەكێتی لەپێناو فەراهەم كردنی خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی وگەیاندنی خزمەتگوزاری بەشێوەیێكی یەكسان بۆ سەرجەم شار و ناوچەكانی كوردستان، ئامادەیە بەشێوەی شەراكەتی ڕاستەقینە دەست بەگفتوگۆ و دانیشتنی دووقۆڵی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجام بدات".
ناوبراو وتیشی "سەركردایەتی یەكێتی كە لەئێستادا لە هەموو كاتێ زیاتر یەكگرتوو ترە ڤیتۆی لەسەر بەشداری هیچ لایێک نییە بۆ بەشداری لە كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان".
بەپێی راگەیێندراوێكی نووسینگەكەی "حاكم قادر حەمە جان بۆ وەفدی میوانی ڕوون كردەوە حوكمڕانیی هەرێم بەهۆی بەهێزیی پێگەی هەردوولا بەبێ یەكێتی و پارتی بەڕێوە ناچێت و لاسەنگ دەبێت".
ئەندامەکەی یەکێتی وتووشیەتی "گفتوگۆكانی هەردوولا لەپێناو حكوومەتێكی تەندروست ودیموكرات و تۆكمە كە تەواوی سەروەت وسامانی گەلەكەمان بخرێتە خزمەتی گەل و خزمەتگوزاری و داواكارییە ڕەوا و یاساییەكانی خەڵک بەسەرجەم چین وتوێژەكانەوە جێبەجێ بكات و ئومێدی خواست پەرلەمانی كوردستان ڕۆڵ و كاریگەرییان لە دەركردنی یاساكان و چاودێری كردنی حكوومەت وسەرجەم دەزگاكانیدا لە كابینەی نوێی دا بەرجەستە بكات.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment