ئه‌مه‌ریکا دڵخۆشه‌ به‌ هه‌نارده‌کردنه‌وه‌ی نه‌وتی که‌رکووک

به‌شی جیهان- نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا له‌ هاوپه‌یمانێتیی نێوده‌وڵه‌تیی دژ به‌ داعش خۆشحاڵیی خۆی ده‌رده‌بڕێت به‌ ڕێککه‌وتنی نێوان ناوه‌ند و هه‌رێم له‌باره‌ی هه‌نارده‌کردنی نه‌وتی که‌رکووکه‌وه‌ بۆ به‌نده‌ری جه‌یهانی تورکیا.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، برێت مه‌کگۆرک نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا له‌ هاوپه‌یمانێتیی نێوده‌وڵه‌تیی دژ به‌ داعش له‌ توویتێکدا له‌ تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تیی توویته‌ردا ڕای‌گه‌یاند که‌ هه‌واڵێکی خۆشه‌ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌نارده‌ی نه‌وتی که‌رکووک بۆ به‌نده‌ری جه‌یهان و بازاڕه‌کانی جیهان دوای گفتوگۆی نێوان هه‌ر دوو حکوومه‌تی عێراق و هه‌رێم و ئه‌و کاره‌ به‌ره‌وپێشچوونێکی ئیجابییه‌.

هاوكات جۆن بۆڵتۆن ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی ئه‌مریكا ڕای‌گه‌یاند که‌ ده‌ست پێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی که‌رکووک به ڕێككه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا هه‌نگاوێكی باشه‌ و ئه‌وان پێشوازی لێده‌كه‌ن.

ڕۆژی هه‌ینی 16ی تشرینی دووهه‌می 2018 وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق ڕای‌گه‌یاند که‌ هه‌ر دوو حکوومه‌تی به‌غدا و هه‌رێم گه‌یشتنه‌ ڕێککه‌وتنی سه‌ره‌تایی بۆ هه‌نارده‌کردنی نه‌وتی کێڵگه‌کانی که‌رکووک له‌ ڕێگه‌ی بۆری نه‌وتی هه‌رێمه‌وه‌ و ئه‌مڕۆ هه‌نارده‌کردنه‌که‌ ده‌ستی پێکرد.

عاسم جیهاد وته‌بێژی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق گوتی: هه‌نارده‌ی نه‌وتی که‌رکووکیان له‌ (50) هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی ڕۆژانه‌وه‌ ده‌ست پێکردوووه‌ و ڕێژه‌که‌ بۆ (100) هه‌زار به‌رمیل به‌رز ده‌که‌نه‌وه‌ و سه‌رجه‌م داهاته‌که‌شی بۆ حکوومه‌تی ناوه‌ندییه‌.

سه‌رچاوه‌: میدیاکانی هه‌رێمی کوردستان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 39614

Your Comment

You are replying to: .
captcha