ئارێز عه‌بدوڵڵا: توركیا به‌ چاوێكی دوژمنكارانه‌ له‌ سلێمانی ده‌ڕوانێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌ركرده‌یێكی یه‌كێتی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ توركیا به‌ چاوێكی دوژمنكارانه‌ سه‌یری سلێمانی و یه‌كێتی ده‌كات.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئارێز عه‌بدوڵڵا ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان ڕای‌گه‌یاند: "ئێمه‌ به‌رده‌وام داوامان له ‌توركیا كردوووه‌ كه‌ گه‌مارۆی سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی سلێمانی لا بدات و ئه‌وه‌ شتێكی بێمانایه ‌‌و زه‌ره‌رێكی زۆری له‌ خه‌ڵكی كوردستان به‌گشتی ‌و خه‌ڵكی سلێمانی به‌تایبه‌تی داوه‌ به‌ڵام توركیا تا ئێستا به‌چاوێكی دوژمنكارانه‌ ته‌ماشای سلێمانی‌ و سه‌یری یه‌كێتی ده‌كات."

ناوبراو ڕه‌تیشی كرده‌وه‌ توركیا هیچ مه‌رجێكی بۆ یه‌كێتی دانابێت بۆ لابردنی گه‌مارۆكه‌ی سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی سلێمانی ‌و وتی: "هیچ مه‌رجێک به‌ ئێمه‌ نه‌وتراوه ‌‌و ئه‌یانه‌وێ‌ له ‌هه‌ڵوێسته‌ نیشتمانی‌ و نه‌ته‌وایه‌تییه‌كانی خۆمان كاڵ بكه‌ینه‌وه‌‌ و هیچ كارێكمان نه‌كردوووه‌ دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی توركیا بین."

ڕۆژی 6ی تشرینی دووه‌می 2018 له ڕاگه‌یێندراوێكدا وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا سێ‌ سه‌ركرده‌ی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌)ی خسته‌ لیستی داواكراوانه‌وه‌ و بڕی‌ 12 ملیۆن دۆلاریشی‌ وه‌ک پاداشت ته‌رخان كرد بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ زانیاری له‌سه‌ر شوێنی ئه‌و سه‌ركردانه‌ی په‌كه‌كه‌ بدات و ئارێز عه‌بدوڵڵا له‌باره‌ی ئه‌و داواكارییه‌ی ئه‌مریكا گوتیشی: "ئه‌مریكا هه‌ڵه‌ی كرد له‌و كاره‌‌ و له‌بری ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا هه‌وڵ بدات كێشه‌ی كورد له تورکیا به‌ شێوه‌یێكی ئاشتییانه‌ چاره‌سه‌ر بكات ‌و ڕۆڵ بگێڕێت ئه‌و كێشه‌كه‌ی ئاڵۆزتر ‌و قووڵتر كرده‌وه‌ له‌ توركیا."

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی جه‌ختی كرده‌وه: ‌"یه‌كێتی نه‌كه‌وتۆته‌ ژێر فشاری هیچ لایه‌نێک له‌و باره‌یه‌وه‌."

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 39511

Your Comment

You are replying to: .
captcha