کوردپرێس:
ماوەی سێ ساڵە حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەرامبەر پێدانی بەشە ناوخۆیی بە خوێندکارانی دەرەوەی شار، بڕە پارەیێک وەردەگرێت، بەڵام خوێندکارانی بەشە ناوخۆییەکان ناڕازین لە خزمەتگوزاری و دەڵێن گۆڕانێکی ئەوتۆ لە خزمەتگوزارییەکانی تایبەت بە بەشە ناوخۆییەکان ڕووی نەداوە و ناوە ناوە خوێندکاران بۆ دابینکرنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆیان، خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن.
شەوی دووشەمە 12ی تشرینی دووهەمی 2018 خوێندکارانی بەشە ناوخۆییەکانی سلێمانی شەقامی سەرەکیی بەردەم زانکۆکەیان داخست.
خوێندکارانی خۆپیشاندەر دەڵێن، ھیچ خزمەتگوزارییێکی پێویستیان نییە، ژوورەکانیان سارد و سڕە و گەرم ناکرێت، ئاوی گەرمیان نییە، تەنانەت ھەندێک جار ئاویان لێدەبڕێت، ھیچ کارگوزارێکیش بۆ پاککردنەوەی بەشە ناوخۆییەکان دانەنراوە.
ئەو خوێندکارانە راشیانگەیاند، ئەگەر لەماوەی دووساڵدا سەرۆکی زانکۆ نەتوانێت کێشەی بەشە ناوخۆییەکان چارەسەر بکات باشترە دەست لە کار بکێشێتەوە.
دوای چەند خولەکێک لە دەستپێکردنی گردبوونەوەکە، هێزە ئەمنییەکان و چالاکە مەدەنییەکانی سلێمانی گەیشتنە بەردەم زانکۆی سلێمانی و هەوڵی بڵاوپێکردنی خۆپیشاندەرانیان دا.
لەناو بەشە ناوخۆییەکانى زانکۆى سلێمانى کە شوێنى مانەوەى هەزاران خوێندکارى بەشە جیاجیاکانى زانکۆکەیە، پاشماوەیەکی زۆر کەڵەکەبووە.
کەڵەکەبوونى پاشماوە لە بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆی سلێمانی خوێندکارانى هەراسان کردووە و مەترسیی بڵاوبوونەوەى نەخۆشیى لێدەکرێت لەناو خوێندکاراندا.
خوێندکارەکان کە هەریەکەیان لە شوێنێکى جیاجیاوە لە زانکۆى سلێمانى وەرگیراون و لەم بەشە ناوخۆییانە دەژین دەڵێن، ناتوانن لەناو ئەو پاشماوە پیسانەدا بژین و داوادەکەن بەشە ناوخۆییەکانیان پاک بکرێتەوە.
ئەگەرچی لە بەرانبەر مانەوەیان لە بەشە ناوخۆییەکان و بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بڕی ١٢٥ هەزار دینار لە خوێندکارەکان وەرگیراوە، بەڵام بەشە ناوخۆییەکان بێ خزمەتگوزارین.
ئاراس فەریق زەینەڵ یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، ئەو چەند باڵەخانەی بەشی ناوخۆییی زانکۆکە کێشەیان هەیە و لە ئێستادا کرێکاریان بۆ گرتووە بەمەبەستی پاککردنەوەیان.
ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ نوێنەرانی خوێندکارانیش قسەیان کردووە بۆ ئەو مەبەستە و داواشی لێکردن هاوکارییان بکەن تا ١٠ ڕۆژی تر تا کۆمپانیا دەستبەکار دەبێت.
دەربارەی بوونی زبڵ و خاشاکێکی زۆر لەناو بەشە ناوخۆییەکانی خوێندکاراندا، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران ڕایگەیاند، ڕاستە خۆڵ و خاشاک هەیە و دەست بە لابردنی کراوە، بەڵام دیارە ئەگەر کۆمپانیا نەبێت بەو کوالیتییە نابێت کە پێویستە.
ناوبراو جەختیشی کردەوە، لە ڕۆژی ٢٦ی ئەم مانگە کۆمپانیا دەستبەکار دەبێت و ئەو کێشانە چارەسەر دەبن و لەئێستاشدا ڕۆژانە زبڵەکان دەڕێژرێن.
زانکۆی سلێمانی خاوەنى ٣٠ بەشە ناوخۆییە، کە زیاتر لە ١٠ هەزار خوێندکاریان تێدا دەمێننەوە و بەپێی زانیارییەکان، هۆکارى پاک­نەکردنەوەى بەشە ناوخۆییەکان خەرج نەکردنى پارەی نوێکردنەوەی گرێبەستی کارکردنی کۆمپانیای تایبەت بە پاککردنەوەى بەشە ناوخۆییەکانە لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە.
Your Comment