له‌ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2019ی عێراقدا سته‌م له‌ هه‌رێمی کوردستان کراوه‌

به‌شی دیمانه‌/ عێراق و هه‌رێمی کوردستان- نوێنه‌ری په‌رله‌مانی عێراق له‌ پشکی کۆمه‌ڵی ئیسلامیی کوردستان له‌باره‌ی پشکی ته‌رخان‌کراو بۆ هه‌رێم له‌ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2019ی عێراقدا به‌ کوردپرێسی وتوووه‌: ئه‌و ڕێژه‌یه‌ی بۆ کوردستان ته‌رخان کراوه‌ ناده‌ستوورییه‌ و بۆ ئه‌و ئیدعایه‌ش به‌ڵگه‌ی وردی لایه‌.

کوردپرێس: به‌شه‌بودجه‌ی هه‌رێمی کوردستان یه‌کێک بوووه‌ له‌و خاڵه‌ جێناکۆکانه‌ی نێوان هه‌رێم و به‌غدا له‌ ماوه‌ی دوو ساڵی ڕابردوودا. به‌ گوێڕه‌ی ڕێککه‌وتنی پێشوه‌ختی نێوان حکوومه‌تی هه‌رێم و ده‌وڵه‌تی ئیتیحادی پاش پێکهاتنی حکوومه‌تی نوێی ئه‌و وڵاته‌ (ساڵی 2003) پشکی هه‌رێمی کوردستان له‌ بودجه‌ی گشتیی عێراق 17 له‌سه‌د بوو. ئه‌و بودجه‌ فراوانه‌ له‌ قۆناغێکدا سه‌رمایه‌دانه‌ریی بیانی و داهاتی ناوخۆشی له‌گه‌ڵ بوو بۆیه‌ گه‌شه‌ی ئابووریی هه‌رێمی کوردستان به‌ خێراییێکی سه‌رسوڕهێنه‌ر پێش که‌وت. ده‌وڵه‌تی عێراق پاش کۆمه‌ڵێک ڕووداو و ناکۆکیی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا (ساڵی 2017) پشکی 17 له‌سه‌دی بودجه‌ی هه‌رێمی بۆ 12.67 دابه‌زاند ئه‌وه‌ش ناڕه‌زاییی کوردی لێکه‌وته‌وه‌ به‌ڵام ناڕه‌زایی ده‌ربڕینه‌که‌ ئه‌نجامی نه‌بوو. ده‌وڵه‌تی نوێی عێراق پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2019ی پێشکه‌ش کرد و له‌و پڕۆژه‌یاسایه‌شدا پشکی هه‌رێمی کوردستان هیچ گۆڕانی تێیدا نه‌کراوه‌ واتا هه‌مان 12 له‌سه‌ده‌. کوردیش هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی کردوووه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و پڕۆژه‌یاسایه‌ په‌سه‌ند بکرێت له‌ دادگای فیدڕاڵی عێراق سکاڵا تۆمار ده‌کات و دۆسیه‌ی به‌شه‌بودجه‌ی هه‌رێم ده‌به‌نه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوووه‌کان.

کورد وتوویه‌تی له‌ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2009ی عێراقدا سته‌می لێکراوه‌. بودجه‌ به‌ گوێره‌ی نفووس و حه‌شیمه‌ت دانراوه‌ ئه‌وه‌ش له‌ کاتێکدایه‌ له‌ ساڵی 2003وه‌ تا ئێستا داتای فه‌رمی له‌وباره‌یه‌وه‌ له‌ به‌رده‌ستدا نییه‌ و ئاژانسی هه‌واڵی کوردپرێس به‌ مه‌به‌ستی تاوتوێ کردنی ئه‌و بابه‌ته‌ گفتوگۆیێکی له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د حاجی ڕه‌شید ئه‌ندامی فراکسیۆنی کۆمه‌ڵ له‌ په‌رله‌مانی عێراق کردوووه‌. ده‌قی دیمانه‌که‌ لێره‌ بخوێنه‌ره‌وه‌:

کو‌ردپرێس: به‌شه‌بودجه‌ی هه‌رێمی کوردستان له‌ بودجه‌ی گشتیی 2019ی عێراق چ گۆڕانکارییێکی له‌ چاو ساڵی ڕابردوو هه‌یه‌؟

ئه‌حمه‌د حاجی ڕه‌شید: حه‌قیقه‌تێک هه‌یه‌ که‌ پڕۆژه‌یاساکان له‌ ڕووی نووسینه‌وه‌ فه‌رقێکی ئه‌وتۆیان نه‌کردوووه‌ ته‌نها له‌ ڕووی ڕه‌قه‌مییه‌وه‌ فه‌رقیان کردوووه‌. دوو پڕۆژه‌یاسا که‌ به‌ ده‌ستی من گه‌یشت پێشتریش لێدوان و گفتوگۆم له‌سه‌ر کرد و له‌ په‌یجی تایبه‌تی خۆیشم باسم لێ کردوووه‌. دیاره‌ ئه‌وه‌ی گۆڕانکاریی تێدا کراوه‌ خه‌رجییه‌کان بۆته‌ 12 ترلیۆن دینار واتا زیادی کردوووه‌ و داهاته‌کانیش بوونه‌ته‌ 105 ترلیۆن دینار. به‌و پێیه‌ش کورتهێنانی بودجه‌ بۆته‌ 26 ترلیۆن و 700 ملیار. پشکی کوردیش گه‌یشتۆته‌ 9 ترلیۆن و 301 ملیار که‌ ده‌بێته‌ ڕێژه‌ی 12 له‌سه‌دی بودجه‌ی گشتی.

کو‌ردپرێس: وه‌کوو لایه‌نی کوردی چ چاوه‌ڕوانییێکتان له‌ بودجه‌ هه‌یه‌؟ ئایا ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ له‌ئارادایه‌ که‌ ئه‌م به‌شه‌ زیاد بکرێت یان گفتوگۆ له‌ نێوان ئێوه‌ و دیکه‌ی لایه‌نه‌کان له‌ئارادایه‌؟

ئه‌حمه‌د حاجی ڕه‌شید: هه‌ر له‌ ئاخر نووسینی خۆمدا باسی ئه‌وه‌م کردوووه‌ که‌ مه‌سه‌له‌ی بودجه‌ مه‌سه‌له‌یێکی نیشتیمانییه‌ و په‌یوه‌ندیی به‌ ته‌واوی خه‌ڵکی کوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌ بۆیه‌ زه‌رووره‌ که‌ ئێمه‌ هه‌ماهه‌نگیی ته‌واومان له‌گه‌ڵ هێزه‌ سیاسییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان هه‌بێت. خوازیارم بتوانین ئه‌وه‌ش بکه‌ین به‌ڵام تا ئێستا هیچ وه‌ڵامی ئیجابیم وه‌رنه‌گرتوووه‌ له‌ هێزه‌ سیاسییه‌کان. بڕیاروایه‌ که‌ گه‌ڕاینه‌وه‌ بۆ به‌غدا بزانن ئایا جوابیان موسبه‌ت ده‌بێت یان مه‌نفی.

کو‌ردپرێس: که‌م کردنه‌وه‌ی به‌شه‌بودجه‌ی هه‌رێمی کوردستان له‌سه‌ر چ بنه‌مایێک کراوه‌؟

ئه‌حمه‌د حاجی ڕه‌شید: له‌ ڕاستیدا ئه‌وان له‌سه‌ر ئه‌ساسی داتاکان پێشتر سه‌دا 17یان بۆ هه‌رێم حیساب ده‌کرد. ئێستا ئه‌و ڕێژه‌یه‌ بۆ سه‌دا 12.67 که‌م بۆته‌وه‌. منیش داتای حاشاهه‌ڵنه‌گر و زۆر ده‌قیقم لایه‌ که‌ ئه‌و ڕێژه‌یه‌ هه‌ڵه‌یه‌ و پشکی ئێمه‌ له‌وه‌ زیاتره‌ و له‌ کاتی خۆیدا ده‌یخه‌مه‌ به‌رده‌ست به‌رپرسانی کورد و به‌رپرسانی عێراقی. مه‌سه‌له‌ی فه‌رمانبه‌ران خه‌له‌لی تێدایه‌ و ده‌بێت موعاله‌جه‌ بکرێت هه‌روه‌هاش مه‌سه‌له‌ی پێشمه‌رگه‌ش خه‌له‌لی تێدایه‌. مه‌سه‌له‌ی نه‌وتیش به‌ هه‌مان شێوه‌ پێویستی به‌ موعاله‌جه‌یه‌. من به‌یاننامه‌ و داتای پێویستم بۆ ئاماده‌ کردوووه‌ و خوازیارم له‌ کاتی دانووستاندا ئه‌و بابه‌تانه‌ جێگای قبووڵ بێت و ئه‌گه‌ر هێزه‌ کوردییه‌کان ئاماده‌ بن هه‌ماهه‌نگی یه‌کتر بکه‌ین و ئه‌گه‌ر ئاماده‌ نه‌بن ده‌بێت گله‌یی له‌ هێزه‌ کوردییه‌کان بکه‌ن.

کو‌ردپرێس: کورد هیوای زۆری به‌ سه‌رۆکایه‌تیی عادل عه‌بدولمه‌هدی هه‌یه‌. پێتانوایه‌ له‌ دانووستان و ڕوونکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌که‌ و به‌ حوکمی ئه‌و دۆستایه‌تییه‌ی له‌گه‌ڵ کورد بوویه‌تی ئومێد هه‌یه‌ پشکی کورد به‌رز بکرێته‌وه‌؟

ئه‌حمه‌د حاجی ڕه‌شید: سیاسه‌ت له‌سه‌ر ئه‌ساسی عه‌تف و خۆشه‌ویستی و موحێبه‌ت ناکرێت به‌ڵکوو له‌سه‌ر ئه‌ساسی به‌رژه‌وه‌ندی و واقێع ده‌کرێت. ئێمه‌ تا چ ئه‌ندازه‌یێک ئاماده‌ین له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی هه‌ماهه‌نگ بین له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراقدا و هه‌روه‌ها له‌ چوارچێوه‌ی قانوونی ئیداره‌ی مالی و ده‌ینیی عێراقدا بۆ ئه‌وه‌ی که‌ تا چ ئه‌ندازه‌یێک هه‌ر دوولا بتوانین بێینه‌ پای دانووستان و موزاکره‌. به‌و پێیه‌ ده‌توانین عه‌تفی ادل عه‌بدولمه‌هدی و هێزه‌ سیاسییه‌کان و مروونه‌ی سیاسیی ئه‌و هێزانه‌ به‌ خاتری خۆمان به‌ شێوه‌یێکی ئیجابی بقۆزینه‌وه‌.

کو‌ردپرێس: وه‌کوو شاره‌زایێکی ئه‌م بواره‌ به‌شه‌بودجه‌ی هه‌رێمی کوردستان که‌ ته‌رخان کراوه‌ تا چه‌ند به‌شی خه‌رجییه‌کانی هه‌رێم ده‌کات؟

ئه‌حمه‌د حاجی ڕه‌شید: ئێمه‌ ساڵی پار له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی سندووقی نه‌قدی ده‌ولی دانیشتین دیار بوو ئه‌وان له‌گه‌ڵ هه‌رێم دانیشتنیان کردبوو و وتیان 10 ترلیۆن دینار به‌شی هه‌رێمی کوردستانه‌ واتا ئه‌وان فشاریان له‌سه‌ر هێزه‌ عێراقییه‌کان بوو که‌ بیکه‌نه‌ 10 ترلیۆن دواجار به‌شه‌بودجه‌که‌ کرایه‌ 9 ترلیۆن و 301 ملیار دینار. به‌ بڕوای من به‌پێی قیاساتی ساڵی پێشوو ئه‌مه‌ به‌شی هه‌رێمی کوردستان ده‌کات به‌و مه‌رجه‌ی شه‌فافانه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌سه‌ر بکرێت.

کو‌ردپرێس: بوونی وه‌زاره‌تی دارایی له‌ ده‌ست کورد و به‌ تایبه‌تی پارتی کاریگه‌ریی ده‌بێت له‌سه‌ر بابه‌تی پێوه‌ندییه‌ دارایییه‌کانی هه‌رێم؟

ئه‌حمه‌د حاجی ڕه‌شید: خوازیارم بتوانن کاریگه‌رییان هه‌بێت بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵکی کوردستان. ئه‌نجامی موسبه‌تی وه‌رگرتنی ئه‌م وه‌زاره‌ته‌ له‌ کاتی ته‌وزیع کردنی مه‌وازنه‌ی بودجه‌دا بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که‌ تا چ ئه‌ندازه‌یێک ئه‌م هێزگه‌له‌ی هه‌رێمی کوردستان به‌ خه‌می ئه‌وه‌وه‌ بوون که‌ پۆست به‌ده‌ست بهێنن له‌ حکوومه‌تی فیدڕاڵدا. ئایا بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان کاریان کردوووه‌ یان بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان.

دیمانه‌: حه‌سه‌ن ساڵحی

داگرتن و داڕشتنه‌وه‌: به‌شی کوردیی هه‌واڵده‌ریی کوردپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 39461

Your Comment

You are replying to: .
captcha