خۆپیشاندانی ناڕەزاییی عێراقییەکان لە سەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان زیاتر لە 125 برینداری لێکەوتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لە بەغدا گرژی لەنێوان خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکان دروست بوو , وەزارەتی تەندروستیی عێراقیش دەڵێت، 125 کەس بریندار بوون و کە 27ـیان مەدەنین و ئەوانی دیکەیان هێزە ئەمنییەکانن، هیچ گیان لەدەستدانێکیش تۆمار نەکراوە.

کوردپرێس:

ڕۆژی هەینی 05-11-2021 دژی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە بەغدا لە بەردەم دەروازەیەکی ناوچەی سەوز خۆپێشاندان کرا. وەکو لەو ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە دەردەکەوێت، خۆپێشاندەران بە بەرد هێرشدەکەنە سەر هێزە ئەمنییەکان و ناچاریان دەکەن پاشەکشە بکەن. هێزە ئەمنییەکانیش بە گازی فرمێسکڕێژ و گوللـەی لاستیکی هەوڵیان دا بڵاوەیان پێبکەن.

نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە تویتێکدا داوا لە خۆپێشاندەران دەکات دۆخەکە گرژتر نەکەن و دەڵێت، با خۆپێشاندەران داوای بێگەردیی هەڵبژاردن بکەن و دووربن لە هێزە ئەمنییەکان، "ئێمە لە پشتی خۆپێشاندەرانین بۆ جێبەجێکردنی داواکارییە رەواکانین".

لە بەشێکی دیکەی تویتەکەیدا نووری مالیکی داوا لە هێزە ئەمنییەکان دەکات خۆپێشاندەران بپارێزن و رووبەڕوویان نەبنەوە، هەروەها ئاماژە بەوەش دەدات، "هۆشداری دەدەین لە دەستوەردانی دەستی تێکدەرانە و لایەنی گوماناویی بۆ نانەوەی پشێوی".

رێکخەرانی خۆپێشاندانەکە دەڵێن، بەردەوام دەبن لە خۆپێشاندان و تاوەکو ئەو کاتەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان سەرجەم وێستگەکان بە دەست دەژمێرێتەوە.

شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان فەرمانی داوە بە دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەیێکی ورد لە گرژییەکانی نێو خۆپێشاندانەکانی دەوروبەری ناوچەی سەوز لە بەغدا.

لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، مستەفا کازمی جەختی لەوە کردووەتەوە کە رێنوێنی بۆ هەموو هێزە ئەمنییەکان دەرکراوە تاوەکو پیشەییانە مامەڵە لەگەڵ خۆپێشاندانەکان بکەن و رێز لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ بگرن، بەتایبەتی مافی خۆپێشاندان و ئازادیی رادەبڕین کە لەو بنەما سەرەکییانەن حکومەت پێیانەوە پابەندە.

بەهۆی ئەو دۆخەی کە ئەمڕۆ دروستبوو، سەرجەم دەروازەکانی ناوچەی سەوز داخراون کە دەروازەکانی پردی موعەلەق، قادسیە و کەڕادەی مەریەم دەگرێتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی کە خۆپێشاندەران لەو دەروازانەوە ویستیان بچنە نێو ناوچەی سەوز، هێزێکی زۆری ئەمنی بڵاوەیان پێکراوە کە بریتین لە سوپای عێراق، ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا، ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و پۆلیسی فیدراڵی.

خۆپێشاندانەکە دژی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بوون و زۆرتر ئەو لایەنانەن کە سەر بە حەشدی شەعبین، خۆپێشاندانەکە لە چوارچێوەی پرۆژەیەک بە ناوی "چوارچێوەی هەماهەنگی" رێکخراوە.

هەر ئەمڕۆ لیژنەی ئامادەکاریی خۆپێشاندانەکە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، "کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بەردەوامە لە رۆڵی گوماناوی لە مامەڵەکردن لەگەڵ تانە پێشکەشکراوەکان، داواش لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دەکەین دەستوەردان بکات بۆ رزگارکردنی وڵات لە مەترسییەکان کە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان هۆکاریەتی".

لیژنەی ئامادەکاریی خۆپێشاندان لە دژی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن هەفتەی رابردوو پێکهێنرا، لەگەڵ دەستپێکردنی ناڕەزایەتی لایەنگرانی ئەو هێزە سیاسیانەی کە ئەنجامی هەڵبژاردن رەتدەکەنەوه‌ لە بەردەم دەروازەکانی ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا.

هاوپەیمانیی فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری کە لە هەڵبژاردنی 2018دا 47 کورسی بەدەستهێنابوو، لە هەڵبژاردنەکەی 10ی ئۆکتۆبەردا ژمارەی کورسییەکانی بە رێژەیەکی بەرچاو کەمیکرد و تەنیا 15 کورسی بەدەستهێناوە. هاوپەیمانیی نەسریش بە سەرۆکایەتیی حەیدەر عەبادی ژمارەی کورسییەکانی لە 42 کورسییەوە بۆ 2 کورسی کەمیکرد.

لە راگەیێندراوەکەدا داوای "خۆپێشاندانی ئاشتییانە" کراوە و تێیدا هاتووە: "پێدەچێت ئەمە دوایین هەینی و هەلی کۆتایی بێت، پێش ئەوەی قۆناخێکی دیکە دەست پێبکەین".

هەفتەی رابردوو کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق لەسەر بنەمای ئەو هەزار و 400 تانەیەی کە لەلایەن بەربژێر و قەوارە سیاسییەکانەوە پێشکەشی کرابوو، دەستی کرد بە دووبارە ژماردنەوەی دەنگی دوو هەزار وێستگەی دەنگدان.

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق رایگەیاندووە، ئەنجامی ژماردنەوەی دەستیی ئەو وێستگانەی کە ژمێردراونەتەوە لەگەڵ ئەنجامی ئەلیکترۆنی وەک یەک بوون.

News Code 3946

Your Comment

You are replying to: .
captcha