کوردپرێس:
سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پرێس کونفڕانسێکدا تیشکی خستە ەسەر مەسەلەی دوو جێگر بۆ سەرۆککۆماری عێراق و لەو بارەیەوە ڕایگەیاند یەکێتی نیگەرانە لەو بابەتە لەبەر ئەوەی ئەوە هەڕەشە بۆ یەکێتییە و جگە لەوەش گەورەکردنەوەی حکوومەتە و لەگەڵ ئەو پڕۆژەیەی بڕیار بوو حکوومەت بچووک بکرێتەوە یەک ناگرێتەوە.
ناوبراو گوتیشی: "دوو جێگر واتە دوو نیو جێگر، ئەوە هەڕەشە بۆ یەکێتییە و گوێی لێناگرین، ئێمە دەمانەوێ حکوومەت بچووک ببێتەوە بەڵام ئەوە گەورەکردنە، ئەگەر پۆستیش بۆ رازی­کردن زیاد دەکرێت با بکرێتە چوار جێگر و لایەنەکانی دیکەش بێبەش نەبن".
گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەشڵێت، دەبێ پێش دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان، گفتوگۆ لەبارەی پۆستەکانی سەرۆکوەزیران و سەرۆکی پەرلەمان بکرێ بۆ ئەوەی بەرچاوڕوونی بۆ پێکهێنانی حکومەت هەبێت.
سەعدی پیرە سەبارەت بە پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش گوتی: "سەرکردایەتی پارتیی دیموکراتی کوردستان زیرەکن و حکوومەتێکی سەرکەوتوویان دەوێ، بۆیە حکوومەت بە ژمارە پێکناهێنرێ، حکوومەتی بەهێز پێویستی بە مێژوو، جوگرافیا و هێز و چەند لایەنێکی دیکە دەبێت".
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، سەعدی پیرە گوتی "راستە ئێستا پەیوەندییەکان ساردبوونەتەوە، بەڵام پەیوەندیی نێوان پارتی و یەکێتی وەکوو هاوسەرگیریی کاتۆلیکی وایە و جیابوونەوەی تێدا نییە، هەردوولا بەرپرسیارێتییان هەیە و دەکرێ کۆ ببینەوە".
Your Comment