بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شۆن رایان، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش رایگەیاند: هێزەکانی سووریای دیموکرات بەشێوەیێکی کاتی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش راگرتووە، ئەوەش لە وەڵامی هێرشەکانی تورکیادا.
شۆن رایان ئاماژە بەوە دەکات، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە پەیوەندیدایە لەگەڵ تورکیا و هەسەدە بۆ ئەوەی بارودۆخەکە هێور بکاتەوە.
گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەڵێت تێکشکاندنی داعش بریتیە لە ئامانجە سەرەکییەکە.
رۆژی چوارشەممە 31-10-2018 هەسەدە وەستاندنی ئۆپەراسیۆنەکانی لە پارێزگای دێرەزوور دژی داعش راگەیاند ئەوەش لە بەرامبەر بۆردوومان کردنی پێگەکانی یەپەگە لە کۆبانێ و گرێسپی لە کوردستانی سووریا.
رۆبێرت پالادینۆ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند "بۆردوومانکردنی سەربازیی تاکلایەنەی باکووری رۆژئاوای سووریا لە لایەن هەر لایەنێکەوە جێگەی نیگەرانی گەورەی واشنتنە، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە دەکرێت سەربازی ئەمریکی لەو ناوچەیەدا بن".
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەبەوە دەکات، هاوئاهەنگی و راوێژکردن لە نێوان ئەمریکا و تورکیا لەو بابەتانەی کە کە پەیوەندییان بە بواری ئەمنییەوە هەیە "کار و رێبازێکی باشترە".
رۆبێرت پالادینۆ گوتیشی "تورکیا بە هاوبەشی ستراتیژی ئەمریکا دەمێنێتەوە و واشنتن بەتەواوی پابەندە بە پاراستنی سنوورەکانی ئەو هاوپەیمانەی".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment