به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، عارف ته‌یفوور ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسیى پارتى له كۆنگره‌یێكى ڕۆژنامه‌وانى هاوبه‌شدا له‌گه‌ڵ حاكم قادر وتى: "ئێمه له حكوومه‌تى بنكه‌فراوان زیانمان كرد. ئێمه و یه‌كێتى به ته‌نها ماینه‌وه، ئه‌وان له كاتێكى زۆر سه‌ختدا جێیان هێشتین، ئێمه و یه‌كێتى ئیداره‌ى حكوومه‌ته‌كه‌مان كرد".
ناوبراو وتى: "ئه‌و لایه‌نه‌ى به‌شدار ده‌بێت له‌گه‌ڵمان ده‌بێت به‌ڵێنى ئه‌وه بدات نه‌فه‌سى درێژ بێت، له قه‌یران و له خۆشى به‌رده‌وام بێت، ئێمه لیژنه‌یێكمان دروست كردوووه ئه‌و لیژنه‌یه ده‌كه‌وێته په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان بۆ پێكهێنانى حكوومه‌ت".
عارف ته‌یفوور جه‌ختی کرده‌وه: ئێمه وه‌کوو پارتى پێویستمان به یه‌كێتییه و به بێ یه‌كێتى ئێمه ناتوانین به ته‌نها ئیداره‌ى حكوومه‌ت بده‌ین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى هه‌وڵ ده‌ده‌ین له‌گه‌ڵیان بكه‌وینه گفتوگۆ بۆ ئه‌وه‌ى به كه‌مترین ماوه بگه‌ینه رێككه‌وتن.
لاى خۆیه‌وه حاكم قادر كارگێڕى مه‌كته‌بى سیاسیى یه‌كێتى وتى: حزبه‌كه‌ى باش له واقعى كوردستان ده‌گات و به‌پێى ئه‌و هێز و پێگه‌ى یه‌كێتى هه‌یه‌تى ده‌كه‌وینه گفتوگۆ بۆ پێكهێنانى حكوومه‌ت.
ناوبراو وتیشى: یه‌كێتى شاندى خۆى بۆ گفتوگۆ ئاماده‌یه و هه‌ر نیگه‌رانى و كه‌موكوڕییێک هه‌بێت قابیلى چاره‌سه‌ره.
حاکم قادر ڕاشی‌گه‌یاند: ئه‌مڕۆ ئه‌ركه سه‌ره‌كییه‌كه له‌سه‌ر پارتى و یه‌كێتییه له كوردستان و ده‌بێت هه‌ر دوو لا حكوومه‌تێكى تۆكمه‌ى به‌هێز پێكبهێنین بۆ خزمه‌تى خه‌ڵک".
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment