دەنگۆی دوورخستنەوەی لاهوور شێخ جەنگی لە یەکێتی بڵاو کرایەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- چەند میدیایێکی کوردیی هەرێمی کوردستان ڕایانگەیاند کە لاهوور شێخ جەنگی و چوار ئەندامی دیکەی سەرکردایەتیی یەکێتی لە حیزبەکە دوور خراونەتەوە بەڵام تا ئەم کاتەش ڕاگەیێندراوی فەرمیی یەکێتی لەو بارەیەوە بڵاو نەکراوەتەوە.

کوردپرێس:

ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە 02-11-2021 سەرچاوەیەکی باڵای یەکێتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لاهوور شێخ جەنگی و هەر یەک لە ئاراس شێخ جەنگی، ئاڵا تاڵەبانی، ژینۆ محەممەد و شادومان مەلا حەسەن لە سەرکردایەتیی یەکێتی دوور خراونەتەوە.

هەواڵەکە لە کاتێدایە کە تا ئێستا هیچ ئۆرگانێکی ڕاگەیاندنی یەکێتی بە فەرمی لەو بارەیەوە لێدوانی نەداوە.

بە هەمان کاتدا شادمان مەلا حەسەن کە دەنگۆ دەرکرانی ئەویش لە ئارادایە بە شارپرێسی وتووە کە هیچ نووسراو یان ڕاگەیێندراوێکی فەرمییان پێ نەدراوە کە لە یەکێتی دەرکرابێتن.

هەر ئەمڕۆ لاهوور شێخ جەنگی لە پەڕەی فەیسبووکی خۆی پەیامێکی بڵاوکردەوە و داوای لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی کرد کە وەکو "باڵاترین ئۆرگانی نێوان دوو کۆنگرە بە ئەرکی پەیڕەوی خۆی هەستێت و بە زووترین کات کۆببێتەوە، بە مەبەستی دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ دەربازبوون لەم دۆخە و چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکان".

رۆژی 8ی تەممووز ناکۆکیی نێوان هاوسەرۆکانی یەكێتیی نیشتیمانیی کوردستان گەیشتنە لووتکە، کاتێک بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی بڕیاری گۆڕینی بەرپرسانی دەزگای دژەتیرۆر و زانیاریی دا. دواتر لە رۆژی 15ی تەممووز لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەسەڵاتەکانی هاوسەرۆک لە لاهوور شێخ جەنگی وەرگیرانەوە.

بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بڕیارەکان لەلایەن مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە دەرچوون. دوای کێشەکانی نێوان هاوسەرۆکانی یەکێتی، ئەو حیزبە لیژنەیەکی پێکهێنابوو بۆ بەدواداچوون بۆ کێشەکان، ئەو لیژنەیە لەگەڵ سەرکردایەتیی یەکێتی لە شارەکانی سلێمانی، کەرکووک و هەولێر کۆبوونەوەی ئەنجامدا و ئەنجامی کۆبوونەوەکانی گەیاندە مەکتەبی سیاسی یەکێتی.

ئێوارەی ئەمڕۆش مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆبووەوە و ئەو بڕیارانەی دەرکرد. هەر ئەو سەرچاوە باڵایەی یەکێتی بە رووداوی راگەیاند، کەیسی دوورخستنەوەی ئەو چوار ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی جیاوازە لە کەیسی لاهوور شێخ جەنگی.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو چوار ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی دوورخراونەتەوە بەهۆی ئەوەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا کە لە 10-10-2021 بەڕێوەچوو، لەگەڵ یەکێتی نەبوون.

تەوەرێکی دیکەی پەیامەکەی لاهوور شێخ جەنگی لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانەوە بوو و رایگەیاند، "یەکێتییەکەمان لەم هەڵبژاردنەدا پاشەکشەی کرد"، هەروەها باسیشی لەوە کرد کە پێشتر هاوپەیمانی کوردستانیان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان دروستکردووە و پێشبینی ئەوەیان دەکرد، "کە زۆرترین دەنگ و کورسیی پەرلەمان بەدەستبهێنین".

لاهوور شێخ جەنگی سەرۆکی هاوپەیمانێتییەکەی نێوان یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕان بوو، بەڵام لە 29ی تەمموزی 2021 یەکێتی و گۆڕان لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە سلێمانی کۆبوونەوە و قوباد تاڵەبانیان وەک سەرۆکی نوێی ھاوپەیمانی کوردستان دیاریکرد.

هەر لەبارەی هەڵبژاردنەوە پێشتر لە 28-08-2021 مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڕیاری دا لاهوور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ماوەی 72 کاژێردا هەرێمی کوردستان جێبهێڵێت و تاوەکو دوو هەفتە دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی 10ی ئۆکتۆبەری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق نەگەڕێتەوە، بەڵام لاهوور شێخ جەنگی پابەندی بڕیارەکە نەبوو.

دوای نەخۆشکەوتنی مام جەلال، سکرتێری پێشووی یەکێتی، چەندین کێشە رووی کردە ئەو حیزبە، سەرکردایەتیی حیزبەکەش بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان کۆنگرەی چوارەمی حیزبەکەی لە 21-12-2019 سازکرد و سیستەمی هاوسەرۆکیان پەسندکرد و بافڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی بوونە هاوسەرۆک.

News Code 3919

Your Comment

You are replying to: .
captcha