بۆچی تورکیا تەرکیزی کردۆتە سەر ناوچەی ژێردەسەڵاتی کورد لە ڕۆژهەڵاتی سووریا؟

بەشی جیهان- ژمارەیێک لە چاودێرانی سیاسی بڕوایان وایە هێرشی تورکیا بۆ سەر بارەگای کوردەکانی سووریا لە کۆبانێ بۆ بەلاڕێدا بردنی ڕای گشتییە لەبەر ئەوەی تورکیا بەنیازە ئوپەراسیۆنی سەربازیی خۆی دژ بە کوردی سووریا تەل ئەبیەز و گرێ سپی درێژە پێبدات چوونکە زۆرینەی دانیشتووانی ئەو ناوچەیە عەرەبن و تورکیا دەیهەوێت عەرەبەکانی ئەو دەڤەرە بکاتە هاوپەیمانی خۆی.

کوردپرێس:

تورکیا ڕۆژی یەکشەمە 28ی ئەکتەوبری 2018 بارەگای هێزی کوردی سووریای لە کۆبانێ توپباران کرد و بەوەش هەڕەشەکەی خۆیی گەیاندە ئەنجام کە وتبووی ئوپەراسیۆنی دژ بە هێزی کوردی سووریا ئەنجام دەدات.

میدیاکانی تورکیا ڕایانگەیاند سوپای تورکیا بارەگای کوردەکانی سووریای کردۆتە ئامانج و هەستاوە بە تۆپباران کردنی بارەگای یەپەگە لە چەند گوندی دەڤەری شاری کوردنشینی کۆبانێ. ئەو تۆپبارانەش دوو ڕۆژ پاش ئەوە دێت کە ئەردۆغان هەڕەشەی هێرشکردنە سەر یەپەگەی کردبوو لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات.

میدیاکانی نزیک لە کوردی سووریا و ڕوانگەی مافی مرۆڤی سووریا وتوویەتی چەندین ناوچەی دیککەش تۆپباران کراون و هێزی کوردی سووریاش ڕایگەیاندووە کە بەهۆی تۆپبارانەکەوە هێزێکی کوردی سووریا و ئەندامێکی خۆبەخشی بەرگریکاری ئەو هێزانە گیانی خۆیان لە دەست داوە.

تورکیا هیوای بە ڕێککەوتنەکەی مانگی حوزەیران نەماوە کە لەگەڵ ئەمریکا واژۆی کردبوو و بەپێی ئەو ڕێککەوتنە دەبوو هێزی کورد لە بەری ڕۆژئاوای ڕووباری فورات و بەتایبەت لە شاری مەنبەج نەمێنن. تورکیا بەردەوام سکاڵای خۆی دەربڕیوە لە سەر ئەوەی کە ئەو ڕێککەوتنە بە خاوی دەچێتە پێش و ژمارەیێک لە چاودێرانی سیاسی بڕوایان وایە هۆکاری هێرشە سەربازییەکەی ڕۆژی ڕابردووی سوپای تورکیا بۆ سەر بارەگای کوردەکانی سووریا بێ­هیوابوونی تورکیا لەو ڕێککەوتنەی مانگی حوزەیرانە کە لەگەڵ ئەمریکا واژۆی کربدوو.

بەوەشەوە ژمارەیێکی دیکە لە چاودێرانی سیاسی هۆشدارییان لەو بارەیەوە دابوو کە ئەگەر بێتوو هێرشی سەربازیی تورکیا بۆ بەری ڕۆژهەڵاتی فورات بەردەوام بێت ئەگەری ڕوودانی شەڕی نێوان ئەمریکا وتورکیا وێنا دەکرێت لەبەر ئەوەی هێزی ئەمریکی لەو ناوچەیە جێگیر کراوە. ئەمریکا نزیکەی 2200 هێزی تایبەتی سەربازیی لە ناوچەی ژێرکونتڕۆڵی کوردی سووریا جێگیر کردووە و ژمارەیێک لە میدیاکانیش وتوویانە ئەمریکا بەئەسپایی هێزەکانی زیاد کردووە. جگە لەو هێزە ئەمریکییانە ژمارەیێک هێزی فەڕەنسی و بەریتانیایی لە ناوچەکە جێگیر کراون.

دوکتور مەگدالنا کیچنەر لە پەیمانگای کنیاس ڕیسک ئینتلیجنت لە مانهایمی ئەڵمانیا بڕوای وایە تورکیا جووڵە سەربازییەکان دەقۆێتەوە بۆ کەم کردنەوەی دەسەڵاتی حیزبی کوردیی یەکێتیی دیموکراتیک (پەیەدە)، ئیدارەی خۆسەری کوردی باکووری سووریا و هێزە کوردییەکان.

ناوبراو بە ڕۆژنامەی عەرەب نیوزی وتووە ئەنجامدانی ئوپەراسیۆنێکی دیکەی وەکوو قەڵغانی فورات یان چڵە زەیتوون لە خاکی سووریا تێچوو و باجی سیاسی و سەربازیی قورسی دەبێت. ئەوەش نیگەرانیی وڵاتانی ئەورووپای لێدەکەوێتەوە لەبەر ئەوەی تا ئەم کاتەش مەسەلەی ئەو هاووڵاتییە ئەورووپییانە یەکلا نەبۆتەوە کە لەلایەن حیزبی کوردیی یەپەگەوە لە شەڕی دژبە داعشدا دیل کراون.

هێزی کوردی سووریا وتوویەتی نزیکەی 1000 هاوڵاتیی وڵاتانی ئەورووپی کە ئەندامی داعش بوون بە دیل گیراون و داوای لەو وڵاتانە کردووە هاووڵاتییەکانیان وەربگرنەوە ئەگینا بڕیاری جیدییان لە بارەوە دەدەن. هەڵبەت یەپەگە نەیوتووە ئەو بڕیارە جیدییە کە ڕەنگە بە زیانی ئەورووپا بێت چییە.

بەگشتی ئەو چاودێرە سیاسییە دەشڵێت ئێستا لە تورکیا هەڵبژاردنێکی دیکەش بە دەستەوەیە و ئەردۆغان بەردەوام نەتەوەخوازی دەکاتە دارەدەست بۆ کۆکردنەوەی دەنگەکان و هەر ئەوەش ڕەنگە وابکات کە تۆزێک مەسەلە بگۆڕدرێت.

خاتوو کیچنەر ئەوەش زیاد دەکات کە ئەگەر پێوەندیی ئاڵۆزی نێوان دوو حیزبی دەسەڵاتداری دادوگەشە و حیزبی نەتەوەخواز و توندڕەوی بزافی نەتەوەپەرست پەرە بێنێت و دەوڵەت بڕیار بدات کە بۆ هەڵبژاردنەکەی ئاداری 2019 ڕەوتی نەتەوەخوازی زەق بکاتەوە مومکینە ئەنقەرە جووڵەی سەربازی لە سنوورەکانی خۆیدا بەتایبەت بۆ هێرشکردنە سەر کوردەانی سووریا زیاد بکات.

مەبەستی ئەو چاودێرە سیاسییە حیزبەکەی دەوڵەت باخچەلییە کە لە لێدوانێکدا وتبووی ڕاتە لە هەڵبژاردنەکەی 2015دا هاوپەیمانێتیمان لەگەڵ ئەردۆغان پێک هێنا بەڵام ئەگەر هەیە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ئەو هاوپەیمانێتییە پێک نەهێنیت. خاوەن بیران بڕوایان وایە ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی پێشوودا وتاری نەتەوەخوازی و دژایەتی کردنی کورد زەق کردەوە و هەر ئەوەش یارمەتیدەری بوو بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکەدا و پێ دەچێت لە وتاری بانگەشەی هەڵبژاردنی ساڵی 2019شدا دیسانەوە ئەو بابەتە زەق بکاتەوە.

ئۆیتۆن ئورهان لە پەیمانگای ئۆرسام تورکیا وتوویەتی لێدوانە توندەکەی ئەردۆغان دژ بە کورد سەلماندوویەتی کە ئەنقەرە بێ هیوا بووە لەو ڕێکەوتنەی لەگەڵ ئەمریکا لەسەر مەنبەج واژۆیان کرد و وا دەردەکەوێت ئەردۆغان هیوای بە جێبەجێ کردنی نەخشەڕێگای مەنبەج نەماوە بۆیە وا بیر دەکاتەوە کە باشتر وایە دەست بکات بە ئوپەراسیۆنی سەربازیی دژ بە کوردی سووریا لە بەر ئەوەی کوردەکان دەسەڵاتیان زیاتر لەوە نەبێت.

ژمارەیێک لە چاودێرانی سیاسی بڕوایان وایە هێرشی تورکیا بۆ سەر بارەگای کوردەکانی سووریا لە کۆبانێ بۆ بەلاڕێدا بردنی ڕای گشتییە لەبەر ئەوەی تورکیا بەنیازە ئوپەراسیۆنی سەربازیی خۆی دژ بە کوردی سووریا تەل ئەبیەز و گرێ سپی درێژە پێبدات چوونکە زۆرینەی دانیشتووانی ئەو ناوچەیە عەرەبن و تورکیا دەیهەوێت عەرەبەکانی ئەو دەڤەرە بکاتە هاوپەیمانی خۆی.

ئورهان باسی ئەو هۆکارانە دەکات کە بەبۆنەیانەوە تورکیا تەرکیزی کردۆتە سەر ناوچەی تەل ئەبیەز و دەڵێت ئەمریکییەکان لەو ناوچەیە بنکەی سەربازییان نییە و هەر بەو بۆنەیەشەوە مەترسیی ئەوەیان نییە کە لەگەڵ هێزی ئەمریکی بەشەڕ بێن.

لە لایێکی دیکەشەوە ئەگەر تورکیا ئەو ناوچەیە داگیر بکات ئەوا کوردی سووریا کۆنتڕۆڵی بە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی کەم دەبێتەوە و یەکپارچەییی خۆی لە دەست دەدات. ئامانجی تورکیاش ئەوەیە کە ڕێگر بێت لە یەکپارچە بوونی خاکی ژێردەسەڵاتی کوردی سوورا و ڕێگەش نەدات دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی یان نیوە سەربەخۆش دابمەزرێت و بە هەموو چەشنێک دژی ئەو پڕۆسەیە وەستاوە. تورکیا هێزی کوردی سووریا بە تیرۆریست دەزانێت و دەڵێت ئەو هێزانە بەشێکن لە پەکەکە.

News Code 39157

Your Comment

You are replying to: .
captcha