لەگەڵ به‌رهه‌م ساڵح له‌سه‌ر رێگه‌نه‌دان به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بۆ كه‌ركووک رێككه‌وتووین

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ به‌ره‌ی توركمانی رایگه‌یاند: "له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆک كۆماری عێراق رێككه‌وتووین پێشمه‌رگه‌ نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ركووک و فیرقه‌یێكی سه‌ربازی له‌ پێكهاته‌كانی شاره‌كه‌ بۆ پاراستنی ناوخۆ و سنووره‌كانی پارێزگاكه‌ پێک بهێنرێت".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئه‌رشه‌د ساڵحی، سه‌رۆكی به‌ره‌ی توركمانی به‌ سۆمه‌ریه‌ نیووزی گوتووه‌: "پێشوازیمان له‌ ده‌ستپێشخه‌ری به‌رهه‌م ساڵح بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان كردووه‌ و رێككه‌وتووین گفتوگۆ هه‌بێت و نوێنه‌رایه‌تی راسته‌قینه‌ی توركمان و عه‌ره‌ب و ئیراده‌ی خەڵکی پارێزگاكه‌ی تێدا بێت".

ناوبراوهه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "هه‌ر چاره‌سه‌رێک به‌بێ پێكهاته‌ی توركمان بكرێت و پۆستی سیادی وه‌رنه‌گرین، واتای ئه‌وه‌یه‌ جارێكی دیكه‌ شیعه‌ و كورد پرسه‌كه‌یان تایبه‌ت كردووه‌ به‌ خۆیان و هیچ رۆڵێكیان بۆ توركمانه‌كان له‌ چاره‌سه‌ری پرسی كه‌ركووک و ناوچه‌كانی دیكه‌ نه‌هێشتووه‌ته‌وه‌".

ئه‌رشه‌د ساڵحی ده‌ڵێت: "له‌باره‌ی پرسی گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بۆ كه‌ركووک، گفتوگۆمان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ كرد و له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م ساڵح یه‌كلایمان كرده‌وه‌ كه‌ جارێكی دیكه‌ رێگه‌ به‌و جۆره‌ هێزه‌ نه‌درێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ كه‌ركووک، به‌ڵام له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێككه‌وتووین فیرقه‌یێكی سه‌ربازی له‌ پێكهاته‌كانی پارێزگاكه‌ پێک بهێنرێت و په‌یوه‌ست بكرێن به‌ وه‌زاره‌ته‌كانی به‌رگری و ناوخۆ و ناوخۆی پارێزگاكه‌ و سنووره‌كانی بپارێزن و ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ بوودجه‌ی ساڵی 2019 دا پاره‌ی بۆ ته‌رخان بكرێت".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 39141

Your Comment

You are replying to: .
captcha