کوردپرێس:
ئاژانسی هەواڵی ئاسۆشیتدپرێس لە هەواڵێکدا ڕایگەیاند تیپی تۆپێی کوردەکانی دانیشتووی سوید کە ناوی داڵکوردی لێنراوە ساڵی پار پاش ڕیازەی زۆر و تێپەڕاندنی چەڵەمەکان توانییان ئەنجام زێڕین مسۆگەر بکەن و سەرکەون بۆ خولی نایابی سوید.
تیپی داڵکورد ساڵی 2004 پاش ئەوە پێک هێنرا کە ژمارەی 15 گەنجی دانیشتووی سوید بە عەرەب و ئەفریقییەوە لە بەر کۆمەڵێک تەوەری ئەخلاقی لە تیپی "ئەی کەی برۆژ" باشترین تیپی شاری برۆژ، دەرکران و کوردەکانی دانیشتووی شاری برلانژ بڕیاریان دا بە دامەزراندنی تیپێکی تۆپی پێ کە هەیکەلییەتی تیپەکە لەو یاریزانە دەرکراوانە پێک هاتبوو.
کیزیل عادڵ لەبەر ئەوەی باوکی یەکێک لە دامەزرێنەرانی تیپەکەیە بووە بە ئەندامی ئەو تیپە و بە ئاسۆشیتدپرێسی وتووە تەنها لە کاتە بەتاڵەکانی ئەو یاریزانانە کەڵک وەردەگرن بۆ ڕیازەکردن و خەڵکی دەیانگوت ئەو تیپە لە کۆڕی خۆمانە و دۆستانەدا پێک هێنراوە و پاش ماوەیێک دەڕووخێت بەڵام وا دەرنەچوو.
بە وتەی یەک لە ئەندامان، دامەزرێنەرانی تیپەکە لە دەرکەی ماڵە کوردەکانیان دەدا و داوایان لێدەکردن کە ڕێگە بە منداڵەکانیان بدەن لەو تیپەدا بەشدار بن و یەکێکیشیان دەڵێت نە یاریزانان و نە ڕاهێنەرانی تیپی داڵکورد، هیچیان پارە وەرناگرن و خۆبەخشانە کار دەکەن.
تیپی داڵکورد لە دەستەی سێی وڵاتی سویدەوە دەستی پێکرد و پاشان توانیی سەرکەوێت بۆ دەستەی دوو و ساڵی پاریش سەرکەوت بۆ خولی نایاب و سەرنجی هەمووانی ڕاکێشا. ئەگەرچی لە خولی نایابدا کێشەی زۆری هەیە بەڵام سەرنجی هەموو سوید و ئەورووپای ڕاکێشاوە.
Your Comment