بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڤیان سەبری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: بەمەبەستی تاوتوێ کردنی پڕۆگرامی حکوومەتەکەی عەبدولمەھدی رۆژی ٢٤ی ١٠ی ٢٠١٨ سەرۆکی فراکسیۆنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران، لەگەڵ حەسەن کەعبی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنەکە کۆ بوونەوە.
ناوبراو وتیشی: "وەکوو فراکسیۆنی پارتی ژمارەیێک تێبینی و داواکاریمان لەسەر بەرنامەی حکوومەتی داھاتووی عێراق پێشکەشی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کرد، بۆ ئەوەی ئاراستەی حکوومەت بکرێت و لە بەرنامەکەیدا جێگەی بکرێتەوە و جێبەجێ بکرێت".
لەبارەی ناوەڕۆکی تێبینیەکانەوە، سەرۆکی ئەو فراکسیۆنە وتی: "داوامان کردووە بڕگەیێکی تایبەت ھەبێت بە پرسی چارەسەر کردنی کێشە ھەڵپەسێراوەکانی نێوان ھەرێم و ناوەند نەک بە خاڵێکی لاوەکی".
ڤیان سەبری راشیگەیاند ھەروەھا داوای گێڕانەوەی پشکی ١٧%ی ھەرێم و یەکلایی کردنەوەی مادەی ١٤٠ و چارەسەری کێشەی نەوت و شایستە داراییەکانی جووتیارانی ھەرێم و ھێزی پێشمەرگە کردووە، لەگەڵ پێکھێنانی ئەنجومەنی فیدراڵی عێراق.
بەوتەی ڤیان سەبری، بەدواداچوون دەکەین بۆ ئەو داواکارییانە، بۆئەوەی بزانین تا چەندە حکوومەتی داھاتووی عێراق جدییە لە جێبەجێ کردنی.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment