سوید به‌دواداچوون بۆ ده‌ستگیرکردنی هاووڵاتییێکی کوردی ئه‌و وڵاته‌ له‌ تورکیا ده‌کات

به‌شی جیهان- وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سوید هه‌واڵی ده‌ستگیر کردنی هاووڵاتییێکی کوردی ئه‌و وڵاته‌ له‌ تورکیا پشتڕاست ده‌کاته‌وه‌ و ده‌شڵێت که‌ لێکۆڵینه‌وه‌ له‌باره‌ی هۆکاری ده‌ستگیر کردنی ئه‌و هاووڵاتییه‌ی سوید ده‌ستی پێکردوووه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی ڕابردوو میدیاکانی تورکیا باسیان له‌ ده‌ستگیر کردنی که‌سێکی نزیک له‌ په‌که‌که‌ له‌ ئه‌ورووپا له‌ کاتی سه‌ردان‌کردنی ئامه‌د له‌ باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی تورکیا کردبوو. میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردۆته‌وه‌ که‌ ئه‌و که‌سه‌ 46 ساڵانه‌ سه‌رکرده‌یێکی په‌که‌که‌یه‌.

ماڵپه‌ڕی لۆکالی سوید له‌ زاری وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌وه‌ ده‌ستگیرکردنی هاووڵاتییێکی کوردی سوید له‌ تورکیای پشتڕاست کردۆته‌وه‌.

به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سوید ڕایان‌گه‌یاندوووه‌ که‌ به‌رپرسانی کونسووڵخانه‌ی ئه‌و وڵاته‌ له‌ تورکیا هه‌وڵ ده‌ده‌ن زانیارییێکی زیاتر له‌باره‌ی هۆکاری ده‌ستگیر کردنی ئه‌و هاووڵاتییه‌ کورده‌ وه‌ده‌ست بهێنن.

ده‌سه‌ڵاتدارانی تورکیا ئیدعایان کردوووه‌ که‌ ئه‌و پیاوه‌ ته‌مه‌ن 46 ساڵه‌ گومانی لێده‌کرێت هاتبێته‌ تورکیا بۆ ئه‌نجامدانی کۆبوونه‌وه‌ی نهێنی له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی په‌که‌که‌.

کوردۆ باسکی نووسه‌رێکی کوردی دانیشتووی سوید به‌ هه‌واڵده‌ریی TTی ئه‌و وڵاته‌ی ڕاگه‌یاندوووه‌: ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی خراونه‌ته‌ پاڵ ئه‌و هاووڵاتییه‌ کورده‌ سه‌رسوڕهێنه‌رترین ڕووداوێکه‌ که‌ تاکوو ئێستا بیستوویه‌تی چوونکه‌ پێی وایه‌ ئه‌و که‌سه‌ی که‌ ده‌ستگیر کراوه له‌ سوید‌ کاری بازرگانی ده‌کات و پێوه‌ندییێکی به‌و تۆمه‌تانه‌وه‌ نییه‌ که‌ خراوه‌ته‌ پاڵی.

شایانی باسه‌؛ له‌ ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 23ی تشرینی یه‌که‌می 2018وه‌ تورکیا هاووڵاتییێکی سویدیان ده‌ستگیر کردوووه‌ به ‌گومانی په‌یوه‌ندی به ‌په‌که‌که‌وه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 39074

Your Comment

You are replying to: .
captcha