کوردپرێس:
عەبدولکەریم عومەر بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەری باکووری سووریا بە ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسای وتووە نزیکەی 900 ئەندامی داعش لەلایەن کوردی سووریاوە دیل کراون کە هاووڵاتیی وڵاتانی بیانی و بەتایبەت وڵاتانی ئەورووپین. بۆیە ئەو وڵاتانە دەبێت هاووڵاتییەکانیان وەربگرنەوە و لەوێ دادگایییان بکەن.
ئەو ئەندامانەی داعش کە ئەورووپاش دەستیان لە کەیسی تیرۆردا بووە لە لایەن هێزی کوردی سووریاوە دەستبەسەر کراون و یەک لەوانەش ئادریان گۆیهاڵ بووە کە دەڵێن لە هەڵمەتی تیرۆریستیی شاری نیسی فەڕەنسا دەستی هەبووە کە بووە هۆی کورژرانی زیاتر لە 96 کەس.
عەبدولکەریم عومەر ئەوەشی زیاد کرد: هێزی کوردی سووریا 900 ئەندامی داعشی بە دیل گرتووە کە 550 ژن و 1200 منداڵی بنەماڵەی بەدیلگیراوانیشیان لەگەڵە.
بەرپرسانی کوردی سووریا وتوویانە ئەوان تەنها دادگایی ئەو ئەندامانەی داعش دەکەن کە هاووڵاتیی سووریان و ئەو داعشیانەی کە هاووڵاتیی وڵاتانی بیانین دەبێت لە وڵاتی خۆیان دادگایی بکرێن.
عەبدولکەریم عومەر جەختی کردۆتەوە ئەو کەسانەی ئاماژەیان پێکرا دەبێت بگەڕێندرێنەوە وڵاتی خۆیان و تا ئەم کاتەش سێ وڵاتی ڕووسیا و سوودان و ئەندۆنزیا ملیان بەوە داوە کە دیلەکانی داعش وەربگرنەوە و زۆرینەی ئەو کەسانەش ئەندامانی بنەماڵەی ئەو دیلە داعشانەن .
بەریتانیا و فەڕەنسا مل نادەن کە ئەو ئەندامە دیلانەی داعش وەربگرنەوە و ئەمریکاش وتوویەتی ئەگەر ئەو ئەندامە دیلانەی داعش وەربگرێتەوە دەیاننێرێت بۆ بەندیخانەی گوانتانامۆ کە تایبەتە بە ئەندامانی ئەلقاعیدەوە.
Your Comment