بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکوومەت بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە 1ی تشرینی دوەمی 2021 مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە ڤیکتۆر ریباک باڵیۆزی بێلاروس لە عێراق کرد و لە دیدارەکەدا، پەرەپێدانی پەیوەندی دوو لایەنە و بارودۆخی پەنابەران لەو وڵاتە تاوتوێ کرا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: "هەردوولا جەختیان لە گرنگیی هەبوونی هەماهەنگیی و پەیوەندی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو هاوڵاتییانەی هەرێمی کوردستان کردەوە کە سەردانی وڵاتی بێلاروس دەکەن کە پێویستە بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان مامەڵەیان لە گەڵ بکرێت، هەروەها ڕێگریش بکرێت لە سەفەر و کۆچ کردنی نایاسایی."
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکوومەت ئەوەشی خستوەتەڕوو، لای خۆیەوە باڵیۆزی بێلاروس، ئامادەیی تەواوی وڵاتەکەی، بۆ هەماهەنگیی کردن و برەودان بە پەیوەندییەکان لە گەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕیوە.
Your Comment