یه‌کێتی هه‌ڵوێستی خۆی له‌سه‌ر ئه‌نجامی کۆتاییی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان ڕاده‌گه‌یێنێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کووردستان- وته‌بێژی فه‌رمیی یه‌كێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕازی بوونی حیزبه‌كه‌ی به ‌ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامی کۆتاییی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ڕاگه‌یاند.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ 21ی تشرینی یه‌که‌می 2018 سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ له‌ میانی لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕای‌گه‌یاند كه‌ ئه‌وان له‌پێناوی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی ڕازی بوون به‌وه‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن ‌و ڕاپرسی رابگه‌یه‌نرێت.

وته‌بێژی یه‌كێتی هه‌روه‌ها گوتیشی: ئه‌وه‌ی ئێستا ڕاگه‌یه‌نراوه‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌ و له‌ دوای ئه‌وه‌ش ده‌بێت لایه‌نه‌كان ده‌ست به‌ گفتوگۆ بكه‌ن ‌و ده‌رگا بكه‌نه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر پێكهێنانی حكوومه‌ت بكرێت.

سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ ڕاشی‌گه‌یاند: ده‌بێت كه‌موكوڕییه‌كانی ڕابردوو چاره‌سه‌ر بكرێت‌ و له‌ حكوومه‌تی داهاتووش كار بۆ ئه‌وه‌ بكرێت زۆرترین خزمه‌تگوزاری پێشكه‌شی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان بكرێت.

وته‌بێژه‌که‌ی یه‌کێتی له‌باره‌ی ده‌ست پێكردنی كاتی گفتوگۆ و داواكاریی لایه‌نه‌كان له‌ كابینه‌ی داهاتوو ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد که‌ ده‌بێت گفتوگۆكان ده‌ست پێبكه‌ین ‌و جارێكیش زوووه‌ به‌وه‌ی لایه‌نه‌كان داوای چ پۆستێک ده‌كه‌ن.

شایانی باسه‌؛ كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن ‌و ڕاپرسیی هه‌رێم شه‌وی شه‌ممه 20ی تشرینی یه‌که‌می 2018‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی 30ی ئه‌یلوولی ڕابردووی په‌رله‌مانی كوردستانی ڕاگه‌یاند كه‌ به‌پێی ئه‌نجامه‌كه‌ پارتی پله‌ی یه‌كه‌می هه‌بوووه ‌و یه‌كێتی دوووه‌م ‌و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش پله‌ی سێیه‌م.

سه‌رچاوه‌: میدیاکانی هه‌رێمی کوردستان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 38940

Your Comment

You are replying to: .
captcha