کوردپرس:
فەیسەڵ ساری یێڵدیز نوێنەری پێشووی شرناخ لە پەرلەمانی تورکیا لە پشکی پارتی دیموکراتیکی گەلان پاش دەرکرانی حوکمی دەستبەسەرکرانی لە تورکیاوە هەڵهات و ئێستا لە ئەورووپایە و لە لێدوانێکدا ڕەخنەی توندی لە دادگای مافی مرۆڤ لە ئەورووپا گرتووە و وتوویەتی دادگای ئەورووپا ئەرکی خۆی لە یاد کردووە و ئیهمالی ئەرکەکانی دەکات کە دەبوو سیاسەتی دوورخستنەوەی ئوجەلان بسڕێتەوە بەڵام بەپێچەوانەوە یارمەتیی سیاسەتی تورکیا دەدات بۆ زیاتر پەراوێزخستنی ئوجەلان.
عەبدوڵا ئوجەلان لە ماوەی ئەو 20 ساڵەدا بەند کراوە ڕەفتاری سووکی لەگەڵ کراوە و ئەشکەنجەی زۆر دراوە و لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا هەموو داواکارییەکان بۆ دیدارکردن لەگەڵ ئوجەلان ڕەت کراوەتەوە و بەپێی پەیڕەوی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا ئەوە تاوانێکە کە دەوڵەتی تورکیا دەیکات و ئەو مامەڵەیەی دادگای مافی مرۆڤی ئەرووپا دەیکات لە ڕاستیدا شەریکی تاوانێکە کە دەوڵەتی تورکیا کردوویەتی.
ناوبراو ئەوەشی زیاد کردووە: دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا وتوویەتی بەڵگەی پێویست بە دەستەوە نییە کە تورکیا ئوجەلانی دوور خستبێتەوە بەڵام هەر هەمان ڕەتکرانەوە داواکاریی چاوپێکەوتنەکەی لە ماوەی چەند ساڵی دواییدا تاوانە و دەلالەتە لە سەر دوورخستنەوەی ئوجەلان.
ئەو نوێنەرە پێشووەی هەدەپە ئاشکراشی کرد: ئێستا کەس بۆی نییە ئەحواڵی ئوجەلان بپرێست و لە حاڵی ئاگادار بێت. ئەوەش هەڕەشەیێک گەورەیە و دەوڵەتی تورکیا بەو ڕەفتارەی خۆی هەموو ڕێسا و پەیڕەوە نێودەوڵەتییەکانی پێشێل کردووە و بەم سیاسەتەوە کە تورکیا بەرانبەر بە ئوجەلان گرتوویەتە بەر قەیرانە نێوخۆییەکانی دەوڵەتی تورکیا پەرە دەسێنێت.
Your Comment