کوردپرێس:
تەلەڤزیۆنی رووداو لە سەرچاوەیێکی کۆمیسیۆنەوە ئەنجامی 28 سندووقی دەنگدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرا کرد، کە قردێلەی سووریان لێدرابوو.
جووتیار عادل، ئەندامی ئەنجومەنی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی ڕایگەیاند، هەشت تیمی تایبەت بۆ کردنەوە و ژماردنی دەنگی سندووقە قردێلە سوورەکان پێکهێنراون و دەستیان بە کارەکانیان کردووە.
سەرچاوەکەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ دەست کراوە بە کردنەوەی ئەو سندووقانەی کە سکاڵایان لەسەر بوو، تاوەکوو ئێستا 28 سندووقی قردێلەی سوور کراونەتەوە. گوتیشی "لە ئەنجامی ژماردن دەرکەوت کە هەمان ئەو ئەنجامەیە لە بنکەکانی دەنگدانەوە بە کۆمیسیۆن درابوون".
هەموو ئەو سندووقانەی سکاڵایان لەسەرە ژمارەیان 227 سندووقن، دوای ئەوەی ژماردنەوەیان بۆ کرا ئەنجامەکەیان دەدرێت بە ئەنجومەنی کۆمیسیاران بۆ ئەوەی بڕیاری لەبارەوە بدەن.
بەگوتەی جووتیار عادل، لەماوەی 24 بۆ 48 کاژێری داهاتوودا ئەنجامی سندووقە قردێلە سوورەکان دەگاتە ئەنجومەنی کۆمیسیاران و بڕیاری کۆتاییان لەبارەوە دەدرێت.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا هەزار و 45 سکاڵا تۆمارکران، دواتر کۆمیسیۆن سکاڵاکانی جۆرەکانی سوور، زەرد و سەوز پۆلێن کردن. قردێلەی سوور لە 227 سندووق دراون.
جووتیار عادل دەڵێت، لەو 227 سندووقەی قردێلەی سووریان لێدراوە هەر سندووقێکیان 300 بۆ 400 دەنگیان تێدایە. گوتیشی "مەرجیش نییە دەنگی ئەو سندووقانە هەمووی بسووتێت، چوونكە سندووق هەیە پەیوەندیی بە سکاڵاوە هەیە و هەشە بەپێی رێکارەکانی کۆمیسیۆن تێنەپەڕیووە".
بەپێی ئەنجامی بەراییی جیاکردنەوەی لە 85%ی دەنگەكان پارتی 44 كورسی، یەكێتی 21 كورسی، گۆڕان 12 كورسی، نەوەی نوی 8 كورسی، كۆمەڵ 7 كورسی، بەرەو ئیسڵاح 5 كورسی و هاوپەیمانی سەردەمیش 1 كورسییان بەدەستهێناوە.
Your Comment