بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری لە هەژماری خۆی لە تویتەر، ئاماژەی بە گوتەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کرد کە گوتبووی: "سەربازی پرۆفیشناڵ رەوانەی سووریا دەکەین" و لەوبارەیەوە نووسی: "ئەو سەربازە پرۆفیشناڵانەی باسیان دەکات، سەربازی ئێمەن، رۆڵەی ئێمەن. ئەو بڕیارانەی لەبارەی گیانی رۆڵەکانمانەوە دەیدەن، هاوشێوەی ئەو بڕیارانە مەیدەن کە بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەیدەن".
کڵچدارئۆغڵو پێش تیپەڕکردنی مۆڵەتنامەی درێژکردنەوەی وادەی مانەوەی سەربازانی سوپای تورکیا لە عێراق و سووریا رایگەیاندبوو، لە پەرلەمان دەنگ بە نەخێر دەدەن.
ئەمە یەکەمجار بوو کە جەهەپە، سەرەکیترین پارتی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا، بە نەخێر دەنگ بۆ درێژکردنەوەی وادەی مانەوەی سەربازانی تورکیا لە عێراق و سووریا بدات هاوشانی پارتی دیموکراتی گەلان – هەدەپە.
کەمال کڵچدارئۆغڵو لە تویتەکەیدا نووسیویەتی: "بابەتێک هەیە زۆر ناڕەحەتم دەکات، دوو رۆژە دوودڵم بچمە نێو ئەو بابەتە یان نا. باسی ئەوەم کرد کە کوڕەکەم ئەرکی سەربازیی جێبەجێ کردووە، کەسەکە (ئەردۆغان) و هاوبەشەکانی دەستیان بە گوتنی ئەوە کردووە کە سەربازی پرۆفیشناڵ دەڕۆن بۆ سووریا. لەسەر ئەم بابەتە لە ژمارەیەک کەناڵی تەلەڤیزیۆنیدا شرۆڤەیان بە چەند شرۆڤەکارێک کرد و پرۆپاگەندەیان پێ کردن، ئەمە شێوازێکی تێگەیشتنی تۆقێنەرە".
Your Comment